وەزیری پێشمەرگە: ئەمریکا دۆستی ڕاستەقینەی کورد و حکوومەتی هەرێمە
زێدپرێس
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت، سەرۆکی ئەرکان و بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون. بە گرنگیەوە دۆخی سیاسیی و سەربازی ناوچەکە و مانەوەی سەربازان و ڕاوێژکارانی باڵای ئەمریکا لە عێراق و بەردەوامیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری پێشمەرگە، بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی گرنگی دیپلۆماتکاران و ڕاوێژکارانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەروەها گوتی: “گەل و حکوومەتی ئەمریکا دۆستێکی ڕاستەقینەی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانمان بوون. لە وەزارەتی پێشمەرگەش، هاوکار و پشتیوانی پڕۆسەی چاکسازیین بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەکە و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەری بەردەم ئەو پڕۆسەیە و بونیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی تۆکمەی سەردەمیانە”.
هاوکات، “وەزیری پێشمەرگە ستایشی ڕۆڵی باڵای کونسوڵی ئەمریکای کرد، لە برەودان بە پەیوەندییە ستراتیژی و سەربازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. هەروەها هیوای خواست، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە عێراق و ناوچەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.
لەلایەکی دیکەوە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا، گوتی: “پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی گیانفیدایە و لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە و دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و نەهیشتنی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا”.
لە بارەی پڕۆسەی چاکسازی کونسوڵی گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆژەی یاسایی چاکسازیدا ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە، لەم پێناوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی پڕۆسەی چاکسازیین و لەگەڵتان هاوکار و هەماهەنگ دەبین بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە.”