هه‌واڵ

بڕیاری دووهێندەکردنی سزای پێبژاردنی هاتووچۆ ڕاگیرا

 

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی بڕیاری دووهێندەکردنی سزای پێبژاردنی هاتوچۆ، کە پێشتر لەلایەن هەمان وەزارەتەوە دەرکرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەیداوە کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەم ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە فەرمانی وزاری ژمارە ٢٥٠٠ و “بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان فەرمانێکی وزاری گرنگی واژوو کرد”.

بە گوێرەی فەرمانەکە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ بەهۆی کەمدەرامەتی یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان کەوتونەتە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی، لێبوردنیان لەو سزایە بۆ دەرچوو. وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە لەمەودوا لە ماوەی یاسایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی توشی سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەبن.

هەروەها بڕیاری دووبەرانبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ کە پێشتر بە فەرمانی وزاری ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ بە پشتبەستن بە بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی  ٢٠٠٤ دەرچوو بوو، لەبەر باری دارایی هاووڵاتییان و تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، ڕاگیرا.

پێشتر لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بڕیاریدابوو، لە ئێستاوە تا شەش مانگی دیکە (ڕێککەوتی ٨ی ئابی ٢٠٢٣ تا ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤) هەر شوفێرێک قەرزەکانی سزای هاتوچۆ بدات، بەڕێژەی ٢٠٪ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بەڵام لە دوای ئەو ڕێککەوتەوە، هەر کەسێک سزای پێبژاردنەکەی لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا نەدات، بەپێی بەشی ٢٠ لە یاسای هاتوچۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەوەش هەر سزایەکی هاتوچۆ کە وەک پێبژاردنی دارایی دەخرێتە ئەستۆی شوفێری سەرپێچیکارەوە، بۆ دوو هێندەی بڕەکەی زیاد دەکرێت.

بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە سەرەتاوە نیگەرانی توندی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، هەرچەند لە بنەڕەتدا جێبەجێکردنی مادەیەکی یاسایی بوو لە یاسای هاوتوچۆدا و بەدرێژایی هەموو ساڵانی پێشوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە جێبەجێ نەکرا بوو.

ئەوکات بەرپرسانی وەزارەتەکە پێداگیریان لەسەر ئەوە کرد، کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و لەپێناو دووبارە نەکردنەوەی سەرپێچی هاتوچۆیە.

 

لە خوارەوە دەقی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ خراوەتەڕوو:

 

لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە:

یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.

دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣  کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.

داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە.

 

ڕێبەر ئەحمەد

وەزیری ناوخۆ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...