هه‌واڵ

پشکنین لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتایی هات و چارەنووسی خزمەتگوزارە فلیپینییەکە نادیارە

بەرگری شارستانی هەولێر کۆتایی بە پشکنین لە ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی هێنا و چارەنووسی خزمەتگوزارە فلیپینییەکە بەنادیاری مایەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تیمی بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کۆتاییهێنان بە گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی هێنا.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕوونی کردەوە، کە دوای هەشت ڕۆژ لە گەڕان و پشکنین لە ماڵە بۆردمانکراوەکەی پێشڕەو دزەیی، ئەمڕۆ سێشەم وەک بەرگری شارستانی هەولێر کۆتایی بە کارەکانیان هات.

لە بەشێکی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عەقید کۆچەر عەبدوڵا تیمی بەرگری شارستانی هەولێر باسی لەوە کرد، دوای هەفتەیەک لە گەڕان و پشکنین بەدوای خزمەتگوزارە فلیپینییەکە، تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.

“تەنیا چەند پارچەیەکی بچووک (پارچە گۆشت) دەستکەوتووە و ڕەوانە کراون بۆ پشکنین و بەراورد لەگەڵ قوربانییەکان و دواتر پزیشکی دادی زانیاری پێویست ڕادەگەیەنێت”، عەقید کۆچەر عەبدوڵا وای گوت.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا تیمی بەرگری شارستانی هەولێر زانیاری وردیان لەمەڕ پێکهاتەی خانووەکە و شوێنی مانەوەی قوربانییەکان لەناو خانووەکەدا ڕوونکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی تیمەکە، ناوەڕاستی باڵەخانەکە شوێنی مانەوەی ژینا و دایەنەکەی بووە، هەمان ئەو خزمەتگوزارە فلیپینییەی چارەنووسی نادیارە و لە هەردوو بەشی دەستەڕاست و چەپی باڵەخانەکەشدا پێشڕەو دزەیی و هاوسەرەکەی و میوانەکەی، لەلایەکی دیکەشدا منداڵەکانی دیکەیان ماونەتەوە.

بەگوێرەی بەرگری شارستانی هەولێر، هاژەکەکە ڕاستەوخۆ بەر بەشی ناوەڕاستی باڵەخانەکە کەوتووە، کە شوێنی مانەوەی ژینا و دایەنەکەی بووە.

مێشل میندۆزا خزمەتگوزارە فلیپینییەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی، تەمەنی ٤١ ساڵە و پێشتر بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکاندا کارتی نشینگەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام زانیارییەک لەسەر پاسپۆرتەکەی نییە.

هەر لە هەمان کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، تیمی بەرگری شارستانی هەولێر، وێنەی پارچە گۆشتێکیان پیشان دا، کە لە ماڵەکەدا دۆزراوەتەوە و لەوە دەچێت بەشێک لە جەستەی مرۆڤێکی گەورە بێت. ئەوەش گومانێک بۆ ئەوە دەهێڵێتەوە کە پارچەیەک لە جەستەی خزمەتگوزارە فلیپینییەکە بێت، بەڵام ڕاستییەکە دوای پشکنینی یەکسانی لە ڕێگەی پزیشکی دادوەرییەوە دەردەکەوێت، دوای ئەوەی نموونەکە لەگەڵ تەواوی قوربانییەکان بەراورد دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...