هه‌واڵ

عەلی حەمە ساڵح: هێرشی سەر کۆرمۆر دژایەتی ڕوونی هەرێمی کوردستانە

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی خوولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە درۆن بووە و پەیامدارە و دژایەتی ڕوونی هەرێمی کوردستانە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

عەلی حەمە ساڵح کە هاوکات ئەندامی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بوو لە خوولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستاندا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کێڵگەی کۆرمۆر کە داناگاز و هاوبەشەکانی بەڕێوەیدەبەن،  سێ بەرهەمی هەیە؛ ١٤ هەزار بەرمیل کۆندێن سەیت، موڵکی داناگازە و بۆ خۆی دەفرۆشێت. هەروەها هەزار و ١٠٠ تۆن گازی (LPG) کە ٧٠٪ بۆ گازی ماڵانە و ٣٠٪ بە بازرگانی دەفرۆشرێت. لەگەڵ ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجا، گازی بەرهەمهێنانی کارەبا کە ٣٣٠ ملیۆن پێ سێجا بێبەرانبەر بۆ دابینکردنی کارەبایە و ١١٠ ملیۆن پێ سێا بەپارە داناگاز دەیداتە حکوومەتی هەرێم و ئێستاش پلانی زیادکردنی بەرهەمی گازی کێڵگەکە هەیە.

ئەو، لە درێژەی پەیامەکەیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ، “ڕاستە ئەم گرێبەستە یەکێکە لە خراپترین گرێبەستەکان و تا نزیک ٢٠٤٤ بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوانەی هێرشدەکەنە سەر ئەم کێڵگەیە نە مەبەستیان دژایەتی گرێبەستە و نە حزبی دەسەڵات، ئامانجیان لێدانە لە سەرچاوەیەکی گەورەی وزە لە کوردستان”.

زیاتر دەڵێ: “هێرشەکەش بە درۆن بووە و پەیامدارە و دژایەتی ڕوونی هەرێمی کوردستانە”.

شەوی ڕابردوو ٢٥/٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنوری چەمچەماڵ و لە ئەنجامی هێرشەکە و ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی گازی شل، لەلایەن کۆمپانیای داناگازەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە بە تەواوەتی ڕاگیرا.

کۆمپانیای داناز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەی کردووە، ڕاگرتنی بەرهەمهێنان کاتییە و تیمەکانی بەگەڕخستن سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەن و لە نزیکترین کاتدا پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی گاز دەست پێ بکاتەوە.

بەهۆی ئەوەی گازی کۆرمۆر لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت، هێرشەکە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهۆیەوە بڕی ٢٨٠٠ مێگاوات بەرهەمی کارەبا کەم بوویەوە.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوابەدوای هێرشەکە ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكەیە.

هەر ئەمڕۆیش وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە لەوەی تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەن و دوای ئاساییکردنەوەی دۆخی کێڵگەکە، دەست بە هەناردەکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...