پێشەوا هەورامانی: ئەو شەفافیەتەی لە ئێمەیان دەوێ لای خۆیان هەیە؟
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دەپرسێت: “ئایا کەس لیستی ئەو گرووپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردمان دەکەن؟”، وەک ئاماژەیەک بە پارەدارکردنی گرووپە میلیشیاییەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و لە بەرانبەردا دروستکردنی ئاستەنگی جیاجیا لەبەردەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
هەورامانی، لە درێژەی نووسینەکەیدا، هەڵوەستە لەسەر ئەو گەندەڵی و بەهەردەردانانە دەکات کە لە حکوومەتی عێراقدا هەیە و دەڵێ: “ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە!”.
دەقی نووسینەکەی پێشەوا هەورامانی:
ئایا کەس لیستی ئەو گرووپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن؟
لەوەتەی درووستبوونی کێشەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژە و بابەتێکی تازە دەخرێتە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەرجی ناردنی مووچە و مافی خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە ڕوون و ئاشکرا هەموو شتێکمان پێشکەشی حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە!
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە!
ئایا ئەم شەفافییەت و تەوزیحەی لە ئێمەیان دەوێت لای ئەوان هەیە؟
گەڕانێکی سادە، لە چوار هەواڵی بڵاوکراوەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیایی باوەڕپێکراو:
ئەلجەزیرە، ٢٠٪ی پارەی مووچەی عێراق بۆ مووچەخۆری وەهمی دەڕوات کە نزیکی ١٠ ملیار دۆلاری ساڵانەیە کە زیاترە لە مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەلحوڕە: ٣٠٠ ملیار دۆلار لە عێراق بۆ پڕۆژە و مووچەی وەهمی چووە.
ئەلبەغداد ئەلیەوم: لە لیستی خانەنشینانی عێراقدا، ٢٢ هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن کە ٨٠٠ ملیار دینار لە خەزێنەی عێراق دەبەن.
بی بی سی: ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە ٥٠ هەزار سەربازی وەهمی مووچەیان لە خەزێنەی عێراق وەردەگرن، وەهمی نەک بندیوار!.
ئایا کەس لیستی ئەو گرووپە میلیشیانەی لەلایە کە هەرێمی کوردستان بۆردمان دەکەن؟
ئەگەر بابەتەکە گەندەڵییە، دەبوو مووچەی خەڵکی هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕابگیرایە، نەک وەکو ئەوەی هەندێک موراهیقی سیاسی ناوخۆیی دەڵێن لەبەر خاتری شەریف ناوێک گەلێک لە کوردستان برسیکراوە!