هه‌واڵ

کەسێک بەتۆمەتی سووکایەتی بە گۆڕستانی مەسیحییەکان دەستگیر کرا

لەلایەن ئاسایشی هەولێر کەسێک بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە گۆڕستانی مەسیحییەکان دەستگیر دەکات. دەستگیرکراوەکە دەڵێ لەپێناو پەیداکردنی ناوبانگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو کارەی کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو کەسەی دوێنێ شەممە، ١٠ی شوبات لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە سووکایەتی بە گۆڕستانی مەسیحییەکان کرد، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کراوە و بەهۆی ئەوەی تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، ئێستا لە چاکسازی ژنان و منداڵان ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، تۆمەتبارەکە دانیشتووی ناحیەی دارەتووی سەر بە شاری هەولێرە و لە گوتەکانیدا بۆ تیمی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پەیداکردنی ناوبانگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو کارەی کردووە و ئێستا پەشیمانە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە ١٠ی شوبات لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک سوکایەتی بە گۆڕستانێکی مەسیحیەکان دەکات لە شارۆچکەی شەقڵاوە و قسەی نەشیاو دەکات و هەر لە گرتەکەش منداڵێکیش بەکاردەهێنێت و فێری دەکات کە سوکایەتی بەگۆڕەکان بکات، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوای ئیدانەکردن و دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر ئەو ڕەفتارە داوای لە دەزگا یاساییەکان و ئەمنییەکان کرد ئیجرائاتی پێویست بکەن و ئەو کەسە بدۆزرێتەوە و ڕادەستی دادگا بکرێت و ڕێگری بکرێت لەو کەسانە کە دەبنە مایەی پشێوی و ئاژاوە نانەوە.

لەو بارەوە ڕۆژی یەکشەم ١١ی شوبات تیمێکی دەستە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆکی دەستە بەدواداچونیان کرد و سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد بۆ ئەم مەبەستە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەیان بەوە کرد کە ناوبراو لەلایەن هێزەکانیان دەستگیرکراوە بەناوی (ڕ. س. ع) و بەهۆی ئەوەی تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵە و نەوجەوانە، ئێستا لە چاکسازی ژنان و منداڵان ڕاگیراوە.

دواتر تیمەکەی دەستە سەردانی چاکسازی هەولێریان کرد و دوای ڕێکارەکان لە نزیکەوە کەسی ناوبراویان بینی، گفتوگۆیان لەگەڵ کرد و ناوبراو جەختی کردەوە و دانی پێدانا کە ئەو بووە ئەو کارەی کردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە گوایە ویستویەتی ناوبانگ پەیدا بکات و زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بناسرێت و ئێستا پەشیمانە. ناوبراو دانیشتوی شارۆچکەی دارەتووی سەربە شاری هەولێرە و پیشەی کاسبکارە. .

لێرەوە بە پێویستی دەزانین وەک دەستەی مافی مرۆڤ سوپاسی هێزەکانی ئاسایش بکەین کە لەماوەیەکی کورتدا ئەو کەسەیان دۆزیەوە و ڕادەستی یاسایان کرد، هەروەها جێی خۆیەتی دەست خۆشی لە داواکاری گشتیش بکەین کە داوای جۆڵاندنی ئەو کەیسەی کردووە.

ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە سوکایەتیکردن بە ئایینەکان و کەسەکان بەگشتی و بیروباوەڕەکان بەتایبەتی. جگە لەوەش ئەو ڕەفتارانە جۆرێکە لە دەرەنجامی وتاری توندڕەوی و تۆوی ڕق و کینە کە خەڵکێک بەردەوام دەیچێنێت لەناو کۆمەڵگە و وا دەکات ئەو جۆرە کەسانە سوکایەتی بە ئایینەکان و پیرۆزی بیروباوەڕەکان بکەن.

 

بەهیواین ئەو جۆرە ڕەفتارانە دووبارە نەبنەوە و هەمومان بەشێک بین لە بڵاوکردنەوەی وتار و پەیامی ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن.

وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەو کەیسە و هەر بابەتێکی تر  لە پێناوی ئەوەی سەروەری یاسا ڕێزی لێ بگیرێت و جێبەجێ بکرێت.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

١١ی شوباتی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...