هه‌واڵ

لیوا ئەیوب: ماڵی کاک کۆسرەت باکیان بە گرتنی کوێخا دێرین نییە

لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای سێ و حەوتی تایبەتی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایدەگەیەنێت، کوێخا دێرین فەرماندە نەبووە و کەسێکیش تاوانبار بێت، “ماڵی کاک کۆسرەت باکیان نییە بگیرێت یان نا”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای سێ و حەوتی تایبەت بە کۆسرەت ڕەسووڵ، بڵاویکردەوە: “ماڵی کاک کۆسرەت لەم دۆسیەیەدا هیچ کێشەیەکیان نییە، چونکە کوێخا دێرین فەرماندەی سەربازی نەبووە، کەسێک کە تاوانبار بوو ماڵی کاک کۆسرەت باکیان نییە بگیرێت یان نا”.

ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی ڕایگەیاند، بە فەرمانی دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرین عوزێری دەرکراوە و ناوبراو تۆمەتبارە بە فەرمانکردن بە تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی بەناوی ئەحمەد کامیل فەقێ.

بەگوێرەی دەزگای ئاسایش، کێشەی کوێخا دێرین پێوەندی بە وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکەوە هەیە.

پێشتر زێدپرێس ئاشکرای کرد، کە دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری پلەی نەقیبی پێشمەرگەیە لە لیوای سێی تایبەت بە کۆسرەت ڕەسووڵ و لە ساڵانی ڕابردوویشەوە زۆرترین دەرکەوتنی لەگەڵ خودی کۆسرەت ڕەسووڵ و پاشان بەدیاریکراوی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵەوە هەبووە.

زێدپرێس لەڕێگەی بەدواداچوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆی دەرکەوت کوێخا دێرین لانیکەم لە ڕێگەی دوو هەژماری تایبەتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوەکانی “کوێخا دێرین عوزێری” و “قەڵای عوزێری”، دەیان وێنەی خۆی لەگەڵ هەریەک لە کۆسرەت ڕەسووڵ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ و لیوا ئەیوب یوسف سەعید بڵاوکردوونەتەوە و لە چەند وێنەیەکیشدا کە وا دەردەکەوێت ئۆفیس و بارەگاکەی بێت، چەندین وێنەی تایبەتی کۆسرەت ڕەسووڵ و شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵی هەڵواسیوە و لە چەندین کورتە پۆستیش ڕێز و ستایشی خۆی بەرانبەر بە کۆسرەت ڕەسووڵ و شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ دەربڕیوە.

لیوا ئەیوب یوسف زیاتر دەڵێ، کوێخا دێرین تاوانی کردووە، بۆیەش ئەم مامەڵەیەی لەگەڵ دەکرێت و ڕەتیشی کردووەتەوە، داواکراوەکە داوای داڵدەدانی لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کردبێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، هێزێکی ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی قەڵاکەی کوێخا دێرینیان دا، کە بە “دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری” ناسێندرا بوو، هاوکات قەڵاکە لەلایەن هێزەکەوە ڕووخێندرا.

قەڵای عوزێری، لە چەندین کۆشک و هۆڵی گەورە پێکدەهات و لەلایەن کوێخا دێرینەوە خاوەنداریەتی دەکرا.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایش و سەربازی سلێمانی، ناوبراو هەر ئەمڕۆ دووشەم سلێمانی جێهێشتووە و تا ئێستا زانیارییەک لەبارەی شوێنەکەی نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...