سەفین دزەیی: ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا هەوڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەدەن
زێدپرێس
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەم ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە میانەی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمی “هەفتەی دیپلۆماسییەتی کوردی” کە لەلایەن زانکۆی سەڵاحەددینەوە سازکراوە، گوتی “سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانیی کردووەتەوە”.
بەگوتەی سەفین دزەیی، هەریەک لە ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەدەن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.
دزەیی، باسی لەوە کرد، لە ٢٥ی ئازارەوە تا ئێستا، کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کورداستان بەهۆی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس ڕاگیراوە، نزیکەی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار زیانی دارایی بەر عێراق کەوتووە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە هەبوونی نزیکەی ٣٠ کونسڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ئەوەیشی بە گرنگی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لێکدایەوە.
“تا ڕادەیەکی زۆر دیپلۆماسییەتی ئابووریمان سەرکەوتنی هەبووە؛ ئێستا نوێنەرایەتیمان لە ١٤ وڵات هەیە و هەنگاو دەنێین بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی نوێنەرایەتییەکانمان لە وڵاتانی جیهان؛ ئەمەش بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی گەلەکەمان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە”، سەفین دزەیی وای گوت.