هه‌واڵ

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەکات

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شارەکە بەرز دەنرخێنێت و سوپاسی هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ دۆسیەی تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی و پاشان فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکە بەرز دەنرخێنێت و سوپاسی هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەکات کە لەو دۆسیەیەدا هەوڵی باڵادەستبوونی یاسایان داوە و زیاتر دەڵێ: “سەلماندیان كە شارى سلێمانى ژینگەیەكى هێمن و لەباره بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدار و بازرگان و كاسبكارێك کە سەروەت و سامانیان هەمیشە پارێزراوە”.

ڕاگەیەندراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی فەرمانی دادوەری بۆ دەستگیرکردنی دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری ڕاگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ناوبراو تۆمەتبارە بە فەرمانکردن بە تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شارەکە و کێشەکەیشی پێوەستە بە داواکردنی سەرانە لە سەرمایەدارەکە.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، لەلایەن هێزێکی ئاسایش و کۆماندۆوە، دەست بەسەر خانوو و قەڵاکەی کوێخا دێرین گیرا و هاوکات دەست بە ڕووخانی قەڵای عوزێری کرا، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ داواکراو دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس کوێخا دێرین نەقیبی پێشمەرگەیە لە لیوای سێی تایبەتی کۆسرەت ڕەسووڵ. لای خۆیشییەوە لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای سێ و حەوتی تایبەت بە کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایگەیاندووە، کوێخا دێرین تۆمەتبارە و ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ باکیان بە دەستگیرکردنی نییە و هاوکات ڕەتیشی کردووەتەوە، کە داواکراوەکە داوای داڵدەدانی لە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ کردبێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

وەک ھەموو لایەک ئاگادارن لەماوەکانی ڕابردوودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەر و بەسەختی بریندار کرا.

ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وێڕای ئیدانەکردنی ئەم دەستدرێژییەی کراوەتە سەر یەکێک لە بازرگانەکانی شاری سلێمانی، لەھەمان کاتدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین بەرگری لە ھەموو مافەکانی (بازرگانان، پیشەوەران و وەبەرھێنەران) بکەین بەبێ جیاوازی.

لێرەدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بڕیاری ئەمڕۆی دادگا کە فەرمانی دەستگیرکردنی (تۆمەتباران)ی دەرکردووە، بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ھەموو لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکیان لەم دۆسیە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا.

دەستخوشى لە بەرێزان سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیى كوردستان بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكوومەتى هەرێمی كوردستان بەڕێز قوباد جەلال تاڵەبانى دەكەین بۆ پاڵپشتیكردنیان بۆ باڵادەستبوون و سەروەرى یاسا، سەلماندیان كە شارى سلێمانى ژینگەیەكى هێمن و لەباره بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدار و بازرگان و كاسبكارێك کە سەروەت و سامانیان هەمیشە پارێزراوه .

 

ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى

١٢ی شوباتی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...