ئابووریهه‌واڵ

چەند داواکارییەک لە بازرگانانی کوردستانەوە بۆ حکوومەتی عێراق

بازرگانانی هەرێمی کوردستان چەند داواکارییەک ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی و حکوومەتی عێراق دەکەن، لەناویاندا پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی و دروست نەکردنی گرفت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

 

ڕۆژی پێنجشەم، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، ئەسیر داود وەزیری بازرگانی حکوومەتی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد. پێکەوە لەگەڵ و کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییان بەسەر کردەوە و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ژوور و هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە کۆبوونەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر “چەند پرسێکی گرنگ” کردووە، لەناویاندا باسکردن لە کێشە و گرفتەکانی کەرتی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و بانک، کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بازرگانی، بوونەتە هۆی “خابوونەوەی بازرگانی”.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ: “بە نووسراوی فەرمی ئەو کێشە و گرفتانەی لەبەردەم پیشەسازان و بازرگانان و کەرتی کشتوکاڵ و بانکدا هەن، ئاڕاستەی وەزیری بازرگانی عێراق کران”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە، کارئاسانی بۆ بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی لەناوخۆی عێراق بکرێت و “ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و شارەکانی خوارووی عێراق گرفتیان بۆ دروست نەکرێت”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە، کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان سوودمەندبن لە حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی لە کارە بازرگانییەکانیاندا و چالاککردنی کاری ئەو بانکانەی لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بانکی ناوەندی کار دەکەن، “تا بازرگانان بتوانن سوود لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی وەربگرن”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

زیاتر هاتووە: “هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا کە ساڵانە بەرهەمی گەنم ڕوو لەزیادبوونە و حکوومەتی عێراق کار بکات بۆ وەرگرتنی تەواوی بەرهەمی جووتیاران”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە، ڕێگری نەکرێت لە هاتنەناوەوەی ئاسنی سکراب بۆ هەرێمی کوردستان کە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن پێویستیان پێیەتی.

لە بەرانبەردا و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی بۆ داواکاری پیشەسازکاران و بازرگانان دەربڕی و وەزیری بازرگانی عێراقیش گوتی، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی باسکران”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...