هه‌واڵ

سزاکانی تورکیا لە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵنەگیراون

هەرچەند لە ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی لە زاری ئەندامێکی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵگرتنی سزاکانی تورکیای لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەندامەکە ئەو زانیارییانە ڕەت دەکاتەوە.

 

ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی لە زاری کاروان یاروەیس ئەندامی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گواستیانەوە، کە لێژنەکە سەرکەوتوو بووە لە هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی هەڵگرتنی سزاکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و بەئومێدن لەمنزیکانە گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان سلێمانی و تورکیا دەست پێ بکەنەوە.

بەڵام هەر ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، کاروان یاروەیس لە ڕوونکردنەوەیەکدا زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی سەباحی ڕەتکردنەوە و ڕایگەیاند، ئەو لێدوانەی بەناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستییەوە و نەیگوتووە سزاکانی تورکیا هەڵگیراون.

سەرەتای نیسانی ساڵی ڕابردوو، تورکیا بە بیانووی جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی داخست. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣یشدا تورکیا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردەوە.

چەند ڕۆژی ڕابردوو، د. ڕێواز فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، تورکیا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مەرجی تایبەتی بۆ یەکێتی هەیە و ئەگەر جێبەجێیان بکات ئەوکات سزاکان هەڵدەگرێت.

هەرچەند لەسەروەختی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧دا تورکیا هەمان هەڵوێستی بەرانبەر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان سزاکە تەنیا پێوەست بوو بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە.

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە، داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی سلێمانی، جگە لە زیانە ئابوورییەکانی، هەوڵێکیشە لەلایەن تورکیاوە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی زیاتر و پیشاندانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دوو بەشە و لەیەکتر جیاواز و دژ بە یەکن.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی پێشووی زێدپرێس، لەماوەی ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠٢٢ لانیکەم حەوت کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی چالاک بوون.

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢، بە تێکڕا ٧١ هەزار و ٨٣٧ جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەنجامدراوە. ئەو ژمارەیە، ڕێژەی ٣٠٪ی کۆی گشتی جوڵەی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لەو ١٢ ساڵەدا، بە هەشت هەزار و ٧٣٢ گەشتی هاتن و دەرچوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشداریان کردووە.

ساڵی ٢٠١٩، بەرزترین جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمار کراوە، بە هەشت هەزار و ٥٣١ گەشتی هاتن و دەرچوون. ئەوە، نزیکە لە ساڵی ٢٠١٦، کە هەشت هەزار و ٤٦٤ گەشتی تێدا کراوە. هەر لەو ساڵەدا، بەرزترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی تۆمارکراوە، کە هەزار و ٦١٢ جوڵەی هاتن و دەرچوون بووە و ڕێژەی ١٩٪ی کۆی گەشتەکانی ئەو ساڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکدێنێت.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، بە تێکڕای ساڵەکان بەڕێژەی ١٢٪ بەشداریان لە جوڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ هیچ کۆمپانیاکی فڕۆکەوانی تورکیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە، جوڵەی نەکردووە و ئەوەش بەهۆکاری سیاسی و بەبڕیاری دەوڵەتی تورکیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...