
حەشدی شەعبی: ئاماری قوربانییەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا هێرشەکانی بە «دەستدرێژیی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە» ناو برد و ڕایگەیاند، تا ئێستا لانیکەم 20 چەکدار کوژراون و 32 کەسی دیکە بریندارن، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد ئەم ئامارانە بەراییەن و ئەگەری زیادبوونیان هەیە.
هەشت پارێزگا بوونە مەیدانی هێرش
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێرشەکان ناوچە جیاوازەکانی بەغدا، بەسرە، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، واست، کەرکووک و کەربەلای گرتووەتەوە.
لە نێوان ئامانجە سەرەکییەکاندا بارەگا و بنکەکانی لیوای 30ی شەبەک، لیوای 52ی تورکمانی، بارەگای ئەبو مونتەزەر محەممەداوی و چەند شوێنی سەربازی دیکە هەن. بەپێی زانیارییەکان، دەشتی نەینەوا زۆرترین قوربانیی تۆمار کردووە و تەنها لەو شوێنە 10 ئەندامی لیوای 30 کوژراون.
واشنتن و ڕیاز: هێرشەکان وەڵامی هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوون
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ هێرشە درۆنییەکان و هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دەوروبەری ڕیاز.
لە هەمان کاتدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند هێرشەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سعودیە ئەنجام دراون و ئامانجیان گرووپە چەکدارە پشتگیریکراوەکانی ئێران بوون. سێنتکۆم دەڵێت ئەو هەنگاوە وەڵامێکی سەربازی بوو بۆ زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا.
ترەمپ: هێرشەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا ئەنجام دران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند هێرشەکە بە هاوئاهەنگی حکومەتی عێراق ئەنجام دراوە. بە وتەی ئەو، ئەمریکا «بە تووندی» وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی لە ئوردن دەداتەوە و هۆشداری دا ئەگەر دانوستاندنەکان سەرنەکەون، هەنگاوە سەربازییەکان چڕتر دەبنەوە.
بەغدا دۆخەکە تاوتوێ دەکات
دوای هێرشەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
لە ناوخۆی عێراقیش، هێرشەکان کاردانەوەی توندیان لێکەوتەوە. مەهدی تەقی ئامرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، هێرشەکانی سەر قەزای ئامرلی سەرکۆنە کرد و حکومەتی بەغدای بە بێدەنگی لە پاراستنی سەروەریی وڵات تاوانبار کرد.
سەدر: عێراق نابێت ببێتە مەیدانی شەڕی بەوەکالەت
لە هەڵوێستێکی جیاوازدا، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بانگەشەی کرد عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی. ئەو داوای لە ئێران و هەموو گرووپە چەکدارەکان کرد خاکی عێراق بۆ هێرش و وەڵامدانەوە بەکار نەهێنن و هۆشداری دا گرووپە «میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان» بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر عێراق دروست نەکەن.
سەدر جەختی کردەوە عێراق پێویستی بە ئاشتی و جێگیری هەیە، نە بە شەڕێکی نوێ کە دەتوانێت قەیرانی ئاسایشی و سیاسیی وڵاتەکە قووڵتر بکات.
ئاڕاستەی قەیران
هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دوای ئەوە هاتن کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زیاد کردبوو. ئێستا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەکان، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ڕۆژانی داهاتوو دیاری بکەن ئایا ئەم ڕووداوانە دەگەنە ململانێیەکی فراوانتر لە عێراق و ناوچەکە، یان هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەتوانن ئاستی ئاڵۆزییەکان کەم بکەنەوە.



