ئابووریسیاسی
ئاراستەکان

عێراق ساڵانە بە ترلیۆن دینار لە بوونەوەرە ئاسمانییەکان خەرج دەکات

بوونەوەرە ئاسمانییەکان “فەزاییەکان” ناوێکی بەربڵاوی میدیا و ڕای گشتی عێراقییە. ئەوان بریتیین لە سەدان هەزار ناو، کە تەنیا لە لیستی مووچەی وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت هەن، بەڵام فەرمانبەری ڕاستەقینە نین. دەشێت لەژیاندا نەمابن، بەڵام مووچەکانیان وەردەگیرێت، هەروەها ڕەنگە بەڕاستی فەرمانبەر بن، بەڵام دەوام ناکەن. ئەوان بارگرانییەکەی گەورەیان لەسەر بودجەی عێراق دروستکردووە و لەشکرێکی زەبەلاحیان پێکهێناوە، کە هیچ حکوومەتێک، بە ئاسانی جەسارەتی بەرەنگاربوونەوەی نەبێت، هەتا ئەگەر ویستی زۆریشی لەسەر بێت.

 

داننان بە بوونەوەرە ئاسمانییەکان

ساڵانێک بوو لە پانتایی ڕای گشتی عێراقدا باس لە هەبوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان (فەزاییەکان) وەک گوزارشت لە مووچەخۆرانی بندیوار و فەرمانبەرانی وەهمی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق دەکرا. هێشتا باسەکە زۆر گەرم نەبوو، تا ئەوەی لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بە ئاشکراکردنی زیاتر لە ٥٠ هەزار ئەفسەر و سەرباز لە سوپای عێراق گۆمەکەی شلەقاند.

دانپێدانانەکەی عەبادی، نەک هەر لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک ئاگری ناو پووش بڵاوبووەوە، بەڵکوو لەناکاو دەیان و سەدان هەزار بندیواری دیکەی لە چەندین دامەزراوەی دەوڵەتی عێراق ئاشکرا کرد؛ ٧٥ هەزار بندیوار لە وەزارەتی ناوخۆ، ١٧٥ پاسپۆرتی دیپلۆماسی وەهمی لە وەزارەتی دەرەوە، حەوت هەزار بندیوار لە شارەوانی بەغدا و زیاتر لە پێنج هەزاری دی لە شارەوانی بەسڕە، هاوکات ٦٠ هەزار پاسەوانی بندیوار کە کەسوکاری ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیرەکانی حکوومەت بوون، بەبێ دەوامکردن مووچەیان وەردەگرت. ئەوانە ئاشکرابوونی دۆسیەی بندیوارەکان بوون لەئانوساتی دانپێدانانەکەی عەبادیدا.

ئەوکات (٢٠١٤) حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق “سیستەمی جێگرەوە”ی لە بواری سەربازیدا ڕاگەیاند. سیستەمەکە پێوەست بوو بە ئاشکراکردنی سەربازانی وەهمی لە سوپا و تەواوی هێزە چەکدارەکانی عێراق. سیستەمەکە بە ناکارایی مایەوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو، فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق ڕایگەیاند، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە سیستەمی جێگرەوە پیادە دەکرێت.

تەشەنەکردنی ناوی “فەزاییەکان”، بۆ دوای ئاشکراکردنی هەبوونی ٥٠ هەزار سەربازی وەهمی لە وەزارەتی بەرگری عێراق لەلایەن عەبادییەوە، دەگەڕێتەوە و ئیتر ناوی “سەربازە فەزاییەکان” بۆ مووچەخۆرانی بندیوار گواسترایەوە، چونکە هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت لەو بوونەوەرانە بێبەش نەبوون. ئەو دیاردەیە لەماوەی هەشت ساڵ حوکمڕانی نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەشەنەی کردبوو.

ئێستا زاراوەی فەزاییەکان بەکاردێت بۆ گوزارشتکردن لەو کەسانەی تەنیا لە لیستی مووچەدا ناویان هەیە، کار و دەوام ناکەن، بەڵام مووچە وەردەگرن. چەمکەکە گشتیگیرتر کراوە بە لەخۆگرتنی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەیش کە لە نێوان دوو تا چوار مووچەی فەرمی وەردەگرن، هەروەها ئەو کەسانەیش کە مووچەی تەواو یان نیوەی مووچەکانیان بۆ بەرپرسەکانیان دابین دەکەن لە بەرانبەر کارنەکردنیان، یان ناوگەلێکی وەهمی کە مووچەکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە وەردەگیرێت، یان فەرمانبەرانی مردوو، کە بەڵگەنامەی مردنیان بۆ دەرنەکراوە و مووچەکانیان لەلایەن بەرپرسان یان کەسوکاریانەوە وەردەگیرێت.

 

ژمارەی بندیوارەکان

سەرچاوەکان ژمارەی جیاجیا لەمەڕ مووچەخۆرانی وەهمی و ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەیش دەدەن کە زیاتر لە دوو تا چوار مووچەی فەرمی وەردەگرن. لەوەتەی ساڵی ٢٠١٦ەوە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە، کە مانگانە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.

هەندێک لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق پێداگرییان لەسەر هەبوونی تەنیا ٥٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار مووچەخۆری وەهمی لە لیستی مووچەخۆرانی دەوڵەتی عێراق کردووە، بەڵام ئەو ژمارەیە نزیکە لە تەنیا مووچەخۆرانی بندیوار لە چەند فرقەیەکی سوپای عێراق، کە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراقەوە دانیپێدانراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی دی، ژمارەی مووچەخۆرانی بندیوار، ئەوانەی مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی کار بکەن، یان بەناوی وەهمییەوە مووچەکانیان لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەتەوە وەردەگیرێت لە نێوان ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار کەس دەبێت، لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرانەی دەوام ناکەن ژمارەیان زیاترە، بە گوتەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ئەم دوو پۆلە ١٥٪ بۆ ٢٠٪ی فەرمانبەران پێکدەهێنن و ساڵانە ٢٠٪ی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە لە عێراق بۆ ئەوان خەرج دەکرێت. ساڵی ٢٠٢٠ هەمان ڕاستی لەلایەن عەلی عەلاوی وەزیری پێشووی دارایی عێراق دووپاتکرایەوە.

سەرچاوەیەکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاندووە، “تا ئێستا ئامارێکی ڕوون لەبارەی ژمارەی مووچەخۆرە بندیوار و وەهمییەکانەوە نییە، بەڵام دەزانین لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بە دەیان هەزارن و نزیکە هیچ دامەزراوەیەک لێیان بێبەش نەبێت“.

پسپۆڕانی عێراقی ژمارەی دیکە دەڵێن. د. همام ئەلشماع ئابووریناس، کە وەک باڵیۆز و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کاری کردووە، پێداگیری لەسەر یەک ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق دەکات، چ ئەوانەی وەهمی و بندیوارن یان ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەکیان هەیە.

دۆسیەی فەزاییەکانی عێراق هەر تەنیا پێوەست نییە بە مووچەخۆرانی وەهمی و بندیوارەوە یان ئەو مووچەخۆرانەی زیاتر لە مووچەیەکیان هەیە، بەڵکوو وەک سەفوان قوسەی توێژەری ئابووری عێراق دەڵێ: “دەستە و دامودەزگای وەهمی هەن بە باڵیۆزخانەی دەوڵەتی عێراقیشەوە، کە لە واقیعدا بوونیان نییە، بەڵام بودجە و مووچەیان بۆ تەرخان دەکرێت“.

هەمان ڕاستی لەلایەن عەبدولقادر ئەلنایل ئەندامی لێژنەی باڵای میساقی نیشتمانی عێراق پشتڕاستکرایەوە، ئەو دەڵێ: “کارگە و کۆمپانیای وەهمییش هەن، کە لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن، دیارترینیان لە کەرتەکانی نەوت و کشتوکاڵن، لەکاتێکدا هیچ ئیرادەیەکی سیاسی نییە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە عێراق“.

ئێستا، گوزارشتەکە لە مووچەخۆرانی بندیوارەوە بۆ دەزگا و دامەزراوەی وەهمی پەڕیوەتەوە.

 

خەرجی ساڵانە

مووچەخۆرانی بندیوار بە دامودەزگا وەهییەکانەوە، بارگرانییەکی گەورەیان لەسەر بودجەی گشتی دەوڵەتی عێراق دروستکردووە.

کاتێک عەبادی ڕایگەیاند زیاتر لە ٥٠ هەزار ئەفسەر و سەربازی وەهمی لە سوپای عێراق هەن، مووچەی ساڵانەی تەنیا ئەو سەربازە فەزایییانە، بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندرا. هەندێک سەرچاوەی دیکە دەڵێن تەنیا مووچەی ساڵانەی ئەو ٥٠ هەزار بندیوارە یەک ملیار دۆلار- ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقییە.

لەگەڵ ئاشکرابوونی ژمارەی زیاتر لە بندیوار و وەهمییەکان، خەمڵاندنی نوێتر بۆ مووچە و خەرجییەکانیان کرا. ئێستا سەرچاوەی دی دەڵێن خەرجی ساڵانەی فەزاییەکان لە عێراق بە ١٥ تا ١٨ ترلیۆن دینار (١٢.٥ تا ١٥ ملیار دۆلار) دادەندرێت. ئەو پارەیە، لە نێوان سێ تا پێنج ترلیۆن دینار زیاترە لە تێکڕای پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی عێراقدا.

وا دەردەکەوێت، ژمارەی بندیوارەکان و مووچەکانیان زۆر بێت، ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ٣٧ هەزار حاڵەتی لەو شێوەیە ئاشکرا کران، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی حکوومەت چوار ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار مووچەیان بووە.

تەشەنەکردنی دیاردەکە لە عێراق بە شوێنێک گەیشت، ساڵی ٢٠٢٢، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە فەتوایەکدا وەرگرتنی مووچەی لەلایەن فەزاییەکان و ئەو کەسانەی دەوام ناکەن یان دەوامی تەواو ناکەن، حەرام کرد.

هەر چۆنێک بێت، سەرچاوە فەرمییەکان دووپات لەوە دەکەنەوە کە ڕێژەی ٢٠٪ی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە، دەچێتە گیرفانی بندیوار و گەندەڵانی هاوشێوە، کە لەناویاندا ٢٥٠ هەزار مووچەخۆری کارنەکەر و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر هەن کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن. هێشتا ژمارەی دیکە لەناو مووچەخۆران لە خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەن. لە یەکەمیاندا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مووچەخۆر و لە دووەمیاندا دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس هەن کە مووچەی هاوکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرن. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی خانەنشینی عێراقی لە ٢٠٢٣دا، دەرکەوتووە ٢٢ هەزار کەس بەنایاسایی خانەنشین کراون و مووچەی هەموویان دەگاتە ٨٠٠ ملیار دینار.

 

پلانی چارەسەری

هەر لە کابینەکەی مالکییەوە تا ئێستا، هەنگاوی پچڕپچڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی وەهمی و بندیوار هەبووە، بەڵام لە ئاستێکی زۆر سنورداردا. لەبەرئەوەی گرفتەکە سەرتاپای دەوڵەتی عێراقی تەنیوە، پێویست بە پلانێکی بنچینەیی و سەرتاسەری دەکات لەلایەن حکوومەتەوە.

پلانی بنچینەیی حکوومەتی عێراق، خۆی لە پڕۆژەی دروستکردنی ژمارە و کارتی کار بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دەوڵەتی عێراق دەبینێتەوە. ئەو پڕۆژەیەش لەوەتەی ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاگەیەندراوە و بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا کۆتایی بە تۆمارکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە وڵاتەکە بهێندرێت و کارتی کار بۆ سەرجەم فەرمانبەران دروست بکرێت.

عەبدولزەهرا هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، پڕۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٧دا دەستیپێکرد، بەڵام ڕاگیرا و دواتر جارێکی دی لە ٢٠٢١دا دەستیپێکرایەوە. ئامانجەکە دەستنیشانکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەی دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچە بوو، لەگەڵ دۆزینەوەی مووچەخۆرە بندیوارەکان.

پڕۆژەکە ژمارەیەکی کار بۆ هەر فەرمانبەرێک دابین دەکات، وەک کۆدێکی ئەلیکترۆنی کاردەکات و وردەکاری گشتگیر لەبارەی فەرمانبەرەکە لەخۆدەگرێت. بەگوێرەی دەستەی ئامار و سەرژمێری عێراق، سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەرمانبەر تا سەرەتای ٢٠٢٣ ژمارە و کارتی کاریان پێدراوە و بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون، بەڵام هەندێک وەزارەت ئامادە نین جێبەجێی بکەن و داتابەیسی کارمەندەکانیان بۆ وەزارەتی پلاندانان نانێرن. دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانیش بەپاساوی ئەمنییەوە هەر لە بنەڕەتدا ئامادەنین بەشداری پڕۆسەکە بکەن و لای خۆیانەوە ژمارەی فەرمانبەرانیان دیاریکردووە، بەبێ تێپەڕبوون بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە. لەکاتێکدا سەرنجەکە لەسەر ئەوەیە کە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بەگشتی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەتایبەت پشکی شێریان لە گەندەڵییەکەدا بەردەکەوێت.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بۆ دەکات، ئەرکی بەدواداچوون و وردبینی لەناوی فەرمانبەرانی ساختە، بە لێژنەیەکی باڵا سپێردراوە، بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی وەزارەتی پلاندانان و ئەندامێتی دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی.

هەر چۆنێک بێت، زۆر لە بەرپرسانی حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و چاودێرانی عێراقی هەنگاوەکانی وەزارەتی پلاندانان لە چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە بندیوارەکان بە هەنگاوی لاواز و شەرمنانە لەقەڵەم دەدەن، کە هاوتای قەبارەی گەورەی دۆسیەکە نییە. هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کۆتاییهێنان بە بندیوارەکان پێوسیتی بە ویستی جددی حکوومەت و پەرلەمان هەیە.

 

گوشارەکانی بانکی نێودەوڵەتی

لەوەتەی کابینەکەی مالکییەوە تا ئێستا، سەرجەم سەرۆکوەزیرانەکان لە کارنامەی کابینەکانیان یان لە گوتارەکانیاندا ئاماژەیان بە چارەسەرکردنی دۆسیەی بندیوارەکان و چاکسازی لە مووچەدا کردووە، لەپاڵ لەبەرگرتنی چەند ڕێکارێکی کرداری، بەڵام بچووک.

کابینەکان لەپێناو ڕەزامەندی بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ پێدانی قەرز بە عێراق، بانگەشەی چاکسازی دەکەن. عەبدولقادر ئەلنایل ئەندامی لێژنەی باڵای میساقی نیشتمانی عێراق هەمان ئەو بۆچوونەی هەیە، کە ڕێکارەکانی محەمەد شیاع سوودانی بەئاڕاستەی دەستبردن بۆ دۆسیەی بندیوارەکان، پێشمەرجێک بوو لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە بۆ بەردەوامبوون لە قەرزدان بە عێراق. بەو جۆرە، بۆ ڕازیکردنی بانکی نێودەوڵەتی بە پێدانی قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لە بندیوارەکان ئاشکرا بکرێن، نەک هەموویان. هەمان گوشارەکە لەلایەن سەرچاوەی دیکەیشەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

هەروەک چۆن “بۆ پەسەندکردنی داوای حکوومەتەکەی مالیکی بۆ قەرزی دەرەکی، حکوومەت ناچاربوو بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بندیوارەکان بکات، کە زۆربەیان سەر بە میلیشیا چەکدارەکان و حزبەکانی دەسەڵاتن، و هەموو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانیش ئاگاداری ئەم گەندەڵییە گەورەیەن و هاوبەشن تێیدا“.

دیسان یەکێک لە پاڵنەرەکانی دەستبردنی عەبادی بۆ ئاشکراکردنی بندیوارەکان، پێوەست بوو بە گوشاری بانکی نێودەوڵەتی، کە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن و بچووکردنەوەی قەبارەی مووچەی، کردبووە پێشمەرجی پێدانی قەرز بە دەوڵەتی عێراق.

 

ترس لە بندیوارەکان

بەدرێژایی ساڵانی دوای ٢٠٠٣ تا ئێستا، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لەپێناو بەدەستهێنانی وەلائی سیاسی و کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر، سەدان هەزار خەڵکیان خستووەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. ئێستا بندیوارەکان و ئەو فەرمانبەرانەیش کە بەبێ پێویستی هەر وەزارەت و دامەزراوەیەک دامەزرێندراون، لەشکرێکی زەبەلاحیان لە بندیوار و لە بێکاری داپۆشراو پێکهێناوە. دەستبردن بۆ ئەو دۆسیەیە، ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەدان هەزار خەڵک، پێناچێت هیچ حکوومەتێک بوێری چوونە ناو ئەو شەڕەی هەبێت.

عەلی سوودانی سەرۆکی بەشی ڕاوێژکاری کارگێڕی لە زانکۆی بەغدا، بە ئاماژەدان تەنیا بە هەبوونی ٢٥٠ هەزار فەرمانبەر و خانەنشین کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن یان بە تەواوەتی دەوام ناکەن، پێداگیری لەسەر قورسی و هەستیاری دەستبردن بۆ دۆسیەکە دەکات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە دەستبردن بۆ دۆسیەکە فشاری سیاسی و جەماوەری بەدوادادێت و ئەوەش وا دەکات حکوومەت پاشەکشەی لێ بکات. بەگوتەی سوودانی، حکوومەتی ئێستای عێراق شایەتی پاشەکشە لە هەندێک بڕیار بووە، وەک سەپاندنی باجی داهات لەسەر مووچەی خانەنشینان، ئەمەش پەیامی نەرێنی دەدات کە ناتوانێت ئەم دۆسیە ئاڵۆزە ڕاست بکاتەوە، ئەو، داوا لە حکوومەت دەکات پشت بە کۆمپانیا گەورەکانی ڕاوێژکاری ببەستێت، هەروەها داوای یارمەتی لە فەرمانگەکانی ڕاوێژکاری ناوخۆیی بکات، بۆ بەدیهێنانی چاکسازی ئابووری، چونکە کارکردن بەم شێوەیە بژاردەیەکی سەرکەوتوو نییە.

هەروەها، سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێ، هەنگاوەکانی وەزارەتی پلاندانان زۆر لاوازن و هیچ نین جگە لە “قسەکردن لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەک بەبێ کارکردن”. زیاتر دەڵێ: “هیچ جددیەتێک لەئاست حکوومەت و پەرلەمان نییە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە، ڕزگاربوون لە کێشەیەک زۆر قورسە، لەکاتێکدا حزبە گەورەکان خۆیان دروستیانکردووە”.

 

چاکسازی یان درێژەدان بە گەندەڵی

عێراق لە دۆخێکی نائاساییدایە، سەدان هەزار مووچەخۆری بندیوار و سەدان هەزار فەرمانبەری ناپێویست خزێندراونەتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، ئەوەش بێکارییەکی داپۆشراوی دروستکردووە، زیاتر لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار فەرمانبەر لە عێراق هەن، کە ڕێژەی کارکردنی هەریەکەیان لە حەوت خولەک لە ڕۆژێکدا تێپەڕناکات.

حکوومەتەکان بە هەر هۆکارێک بێت، سەرنجیان لەسەر پەرەپێدان لەژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانی وڵاتەکە نییە. لەکاتێکدا ساڵانە قەبارەیەکی گەورەتر لە هێزی کار پەیوەندی بە بازاڕەوە دەکات، لەناویاندا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق دەردەچن، بەبێ ئەوەی هیوایەک بۆ دۆزینەوەی کار هەبێت. بێکاری زیاتر تەشەنە دەکات؛ لە ٢٠٠٣دا ڕێژەی بێکاری لە عێراق ٩.٠٦٪ بوو، لە ٢٠٢٢دا بۆ ١٥.٥٥٪ بەرزبووەوە، دیسان ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٢٤ ساڵ لە ڕێژەی ١٧.٢٢٪ لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ ٣٤.٥٩٪ لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرزبووەتەوە. لەو بارودۆخەدا، کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لەبری چاکسازی و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی، پەنا بۆ ئەو ڕێکارانە دەبەن کە وا دەردەکەوێت لە نزیکمەودادا هەندێک کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر و پارێزگاری لە دەسەڵاتەکانیان بکات، بەڵام قوڕێکی خەستتر بۆ داهاتووی خۆیان و وڵاتەکە دەگرنەوە.

ئەو ئاڕاستەیە، لە ناوەڕۆکی بودجەی نوێی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا ڕەنگدەداتەوە. بودجەکە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دادەمەزرێنێت، لەدۆخێکدا ژمارەی فەرمانبەران لە وەزارەت و دامەزراوە مەدەنییەکان سەرڕێژ دەکات، لەبەرئەوە دامەزراوەکان دەخەنە دەزگەکانی ئاسایش و سەربازییەوە. شرۆڤەکارێک، بودجەی نوێی عێراقی پێناسە کرد بەوەی “پڕۆسەی خۆبەهێزکردنی حکوومەتێکە کە هەشتا لە سەدی خەڵک دەنگی پێنەداوە“.

هێزە زاڵەکان وا بیر دەکەنەوە، هەر هەنگاوێکی چاکسازی، بەدژی بەرژەوەندییەکانیان دەوەستێتەوە. هەر ئەوەش وا دەکات هەوڵی کرداری نەبێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وەک دۆسیەی بندیوارەکان، وەک ئەوەی ڕائید مالیکی، ئەندامی لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیگوت.

زۆرجار تێبینی کراوە، لە پێش هەڵبژاردنەکاندا، دۆسیەی چاکسازی گەرم دەکرێتەوە، ئەوە ڕێک ئەو کاتەیە، کە هیچ چاکسازییەکی تێدا ناکرێت، هێزە زاڵەکان و ئەوانی دیکەیش پێویستیان بە دەنگی ئەو سەدان هەزار کەسە هەیە، کە بە نایاسایی سوودمەندن.

 

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...