ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “چارەسەری ڕیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان و پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گەنمی جووتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەبن لەبەغدا.”
ئەمڕۆ پێنجشەم، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی گفتوگۆی بونیادنەرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەگوێرەی یاسا و ماددە دەستوورییەکان.
بەپێی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسیە و بابەت لەسەر ئاستی نیشتمانی کردووە.
گوتەبیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا گوتوویەتی: “هەرێمی کوردستان نیەتی جددی و ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستور و هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی کابینەکەی، لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین”.