هه‌واڵ

بانکی ناوەندی عێراق زانیاری لەسەر بانکە سزادراوەکان دەخاتەڕوو

زێدپرێس

بانکی ناوەندی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، ئەو بانکانەی مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەغە کراوە، لە پاشخانی وردبینی حەواڵەی بانکی بۆ ساڵی ڕابردوو و پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئێستا دەگەڕێتەوە، بەسەرجەم ئەو بانکانەیش بەڕێژەی تەنیا ٨٪ی کۆی گشتی حەواڵەی دەرەکی پێکدێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، ڕێگری لە مامەڵەکردنی بانکە عێراقییەکان بە دۆلار، لە پاشخانی پشکنینی حەواڵەی بانکی بۆ ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢)ەوە دێت، کە بۆ پێش بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی و پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئێستا دەگەڕێتەوە.

ڕوونی دەکاتەوە، ئەو بانکانەی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێبەشکراون، ئازادییەکی تەواویان هەیە لە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی و خزمەتگوزارییە جیاجیاکان لە چوارچێوەی سیستەمی بانکی عێراقیدا، جگە لەوەی مافی مامەڵەکردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دراوی دیکە جگە لە دۆلاری ئەمریکی، هەیە.

بانکی ناوەندی عێراق هەر لەو ڕاگەیەنراوەیدا، ئاماژە بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ حەواڵەی دەرەکی دەدات، کە دڵنیایی دەدات لە سەلامەتی و وردی مامەڵەکانی حەواڵەکردن لە هەموو ڕوویەکەوە، بەپێی ستاندارد و پراکتیکە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها یاسای دژ بە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی.

ئەوەش دەڵێت، کە بانکی فیدراڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان ستایشی ئەم سیستەمە دەکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئەوەی بانکی نێودەوڵەتی لەڕووی فرەوانکردنی کەناڵەکانی حەواڵەکردن و بەڕێگەی بانکە پەسندکراوەکانەوە، بەدەستیهێناوە، دڵنیایی لە کاری حەواڵە و مسۆگەرکردنی دەدات. دووپاتیشی دەکاتەوە، ژمارەی ئەو بانکە ناوخۆییانەی دۆلار حەواڵە دەکەن، لەتوانایاندایە هەموو داخوازییەکانی حەواڵەکردن لە ئەستۆ بگرن، لەکاتێکدا ئەو بانکانەی سزادراون و ناتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە بکەن، تەنیا بەڕێژەی ٨٪ لە کۆی گشتی حەواڵەی دەرەکی پێکدێنن.

دوێنێ چوارشەم ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣، میدیا جیهانییەکان، سزادانی ١٤ بانکی عێراقیان لەلایەن ئەمریکاوە، ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەوەی لەو بانکانەوە دۆلار بەدەست ئێران گەیشتووە. بەڵام، وەک لەڕاگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندی عێراق دەردەکەوێت، پرۆسەی وردبینی لە حەواڵەی ئەو بانکانە، بۆ پێش بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی و کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...