هه‌واڵ

وردەکاری شەڕە تەقەکەی گوڵەخانە

شەڕ و پێکدادان لە نێوان کوڕێکی عەبدوڵا حاجی مەحموود و پێشمەرگەکانی محەمەد حاجی مەحموود لە گوڵەخانە ڕوویدا و بەرپرسانی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێن عەبدوڵا حاجی مەحموود دەیەوێ ڕێگری و ئاستەنگ لەبەردەم کۆنگرەی بڕیارلەسەردراوی سۆسیالیست دروست بکات.

 

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم، ٣ی نیسانی ٢٠٢٤، شەڕە تەقە و پێکدادان لە نێوان کوڕێکی عەبدوڵا حاجی مەحموود و پێشمەرگەکانی محەمەد حاجی مەحموود لە گوندی گوڵەخانە ڕوویدا. هیچ بریندارێک و گیانلەدەستدانێک لە ئەنجامی پێکدادانەکە نەکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، کوڕێکی عەبدوڵا حاجی مەحموود لەگەڵ نزیکەی ٢٠ چەکدارێک چوونەتەوە گوڵەخانە و گەڕاونەتەوە ناو خانووەکەی عەبدوڵا حاجی مەحموود، لەوکاتەدا لەلایەن هەردوو پێشمەرگە و چەکدارەکانی محەمەد حاجی مەحموود و عەبدوڵا حاجی مەحموود شەڕە تەقە ڕوویداوە، هەریەک لەلایەنەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێشخەری لە دروستبوونی شەڕە تەقەکە.

لەگەڵ دروستبوونی شەڕە تەقەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی دەوری گوڵەخانەیان داوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی.

ئێستا کوڕەکەی عەبدوڵا حاجی مەحموود و چەکدارەکانی لەگەڵی بوون، لەناو خانووەکەی باوکیین لە گوندی گوڵەخانە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ زێدپرێس ئاماژەی بەوە کرد، گەڕانەوەی کوڕەکەی عەبدوڵا حاجی مەحموود و چەکدارەکانیان بۆ خانووەکەی باوکی لە گوڵەخانە و ئەو شەڕە تەقە و پێکدادانەی دروستکرا، بە ئامانجی دروستکردنی ئاستەنگ و ڕێگرتنە لە کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە بڕیارە سبەی پێنجشەم لە هەڵەبجە ببەسترێت.

ڕۆژی ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانە کۆبووەوە و بڕیاری لەسەر دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموود جێگری سەرۆکی حزبەکە، لە پۆستی جێگری سەرۆکی حزب و لە ئەندامێتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دا و بەگوێرەی بڕیارەکەیش ناوبراو هەر موڵک و ماڵێکی حزبەکەی لەلایە، پێویستە بۆ حزبەکەی بگێڕێتەوە.

عەبدوڵا حاجی مەحموود برای محەمەد حاجی مەحموود سکرتێری پارتەکەیە و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە ڕەت دەکاتەوە و هێشتا خۆی وەک جێگری سکرتێری پارتەکە دادەنێت. گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات هۆکاری دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموودی لە پۆستی جێگری سکرتێر و ئەندامێتی حزبەکە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە هەوڵیداوە جیاکاری بکات و حزب جیا بکاتەوە.

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ هەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان “هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان”یان پێکهێناوە، کە لەلایەن محەمەد حاجی مەحموودەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. هاوکات عەبدوڵا حاجی مەحموود سەرۆکایەتی “هاوپەیمانی سەردەم” دەکات، کە لە پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...