هه‌واڵ

وردەکاری لیستی ئەو فەرمانبەرانەی ئاڕاستەی (TBI) کراوە

یەکەمین لیستی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق کرا و لیستەکە ناو و زانیاری ٣٦٨ فەرمانبەر لەخۆدەگرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە، لەچوارچێوەی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین لیستی فەرمانبەران کە لە زانیاریی ٣٦٨ فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوە.

لیستەکە ڕۆژی پێنجشەم، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ بۆ بانکی بازرگانیی عێراق ڕەوانەکراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ، پڕۆسەی بەبانکیکردنەکە لەڕێگەی “هەژماری من”ەوەیە و لەوبارەیەشەوە دەڵێ: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پڕۆژەکە بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات”.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژە بە “پەرۆشی” حکوومەتی هەرێم دەکات، بۆ وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویست لە بانکی بازرگانیی عێراقی دەربارەی پڕۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و دروستکردن و دابەشکردنی کارتەکان، هەروەها چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکی پێدانی زانیاری  (RFI)ـە کە لە ڕۆژی ٢٩ی مانگی ڕابردووەوە بۆ بانکەکەی ناردووە و بەڵام وەک دەڵێ: “تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم زانیارییانە گرینگن بۆ دڵنیابوون لە توانا و ئامادەیی بانکەکە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

“هیوادارین بانکی بازرگانیی عێراقی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات”، وەزارەتی دارایی و ئابووری وای گوتووە.

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بانکی بازرگانیی عێراق بەشداری لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا دەکات، دوای ئەوەی لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٤دا، بانکەکە بە فەرمی ڕایگەیاند، بەشداری لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤، بانکی بازرگانیی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دەستکردن بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، لەڕیگەی بانکەکانی حکوومەتی فیدڕاڵییەوە.

بانکەکە دووپاتی کردبووەوە، کە “بەشداری بانکی بازرگانیی عێراقی لە چوارچێوەی بانکە حکوومییەکان دەبێت بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان .”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...