هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم لیستێکی دیکەی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئامادە دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات، لیستی مووچەی ئەندامانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بە ناوی سیانی و مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە و لێبڕینەکانەوە ئامادە بکەن، کە پێشتر بە کۆد ئامادە کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان، لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئاڕاستەی هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە کراوە، بە ئاماژەدان بە بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە هەردوو وەزارەت کراوە، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکانی سەربە دیوانی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، یەکەکانی حەفتا و هەشتا، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتن و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز، لیستی مووچە بەناو ئامادە بکەن.

نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، داوای ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری ٢٠٢٤، بەپێی لیستی فەرمی کە ناوی سیانی و مووچەی بنەڕەتی و تەواوی دەرماڵە و لێبڕینەکانی پێویست لەخۆبگرێت، بۆ هەژمارکردنی مووچەی هەر کارمەندێک و ناردنیان بۆ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، پاش وردبینیکردنیان لەلایەن یەکەکانی وردبینی ناوخۆ یان گەنجینەی تایبەتمەند بە هەر دامودەزگایەک، کە پێشووتر بەشێوەی لیستی بەکۆد بۆیان نێردراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەر لە هەمان نووسراودا، داوای لە وەزارەتەکان کردووە، هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ تیمەکانی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ وردبینیکردن لە لیستی ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ.

لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری ٢٠٢٤ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاگەیاند. پاش دوو ڕۆژ و لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەستی کرد بە تەرخانکردنی دارایی بۆ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانبەرانی گرێبەست و شایستە داراییەکانی سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی، بەڵام تەرخانکراوی دارایی بۆ مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دابین نەکرد.

تا ئێستا، ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی هەردوو مانگی نیسان و ئایاریان وەرنەگرتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...