
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، بە هەمان میکانیزمی پێشوو، تەنها لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت و هەموو جۆرە نامەیەکی (MMS) دەبڕدرێت.
بڕیارە بەیانی یەکشەم، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، تاقیکردنەوەکان دەست پێبکەنەوە، بەو هۆیەوە، لە کاتژمێر (٦:٣٠)ی بەیانی تاوەکوو کاتژمێر (٧:٤٥)ی بەیانی ئینتەرنێت لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەوەستێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، چەند شوێنێک دیاریکراون کە پێویستە لە هەموو حاڵەتێکدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان هەبێت، کە پێکدێن لە:
١- سەنتەری زانیاری “هەژماری من”، لە گەڕەکی (٣٢)ی پارک.
٢- سەرجەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM).
٣- سەرجەم بانکەکان.
٤- فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.
٥- داتا سەنتەری (پڕۆژەی ڕوناکی) و (پێوەری زیرەک).
وەزارەتەکە دەڵێ، بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، لەسەر داوای فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمە، بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی گزی یان هەر هەوڵێکی دیکەی نایاسایی لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا و ئەوەش وەک نەریتێکی ساڵانەی لێهاتووە لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا.



