دادگەی فیدڕاڵی دوو سکاڵای لە دژی هەڵەبجە ڕەتکردەوە

ئەمڕۆ سێشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر دوو سکاڵا کۆبووەوە، کە پێوەست بە یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە و لە دژی هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆماری عێراق تۆمار کرا بوون.
لە سکاڵای یەکەمیان کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکانی تۆمار کرابوو، سکاڵاکار داوای لە دادگەی فیدڕاڵی کردبوو، ڕێکارەکانی دەرچوواندنی یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر یاساکە، بە نایاسایی دابنرێت و دادگەیش لای خۆیەوە فەرمانسالارییەک دەربکات بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسایەکە، بەڵام سکاڵاکە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە ڕەتکرایەوە.
سکاڵای دووەمیشیان کە لە دژی سەرۆککۆماری عێراق تۆمار کرا بوو، تێیدا داواکرا بوو ئەو مەرسوومە کۆمارییەی تایبەت بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە دەرکراوە، بە نادروست هەژمار بکرێت و دادگەی فیدڕاڵییش بە دەرکردنی فەرمانسالارییەک کارکردن بە مەرسوومەکە ڕابگرێت.
پاش پەسندکردنی یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥دا مەرسوومی کۆماری دەرکرد.
دادگەی فیدڕاڵی، دووەمین سکاڵایشی هەر ڕەت کردوە.
دوا بەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە ڕەتکردنەوەی هەردوو سکاڵاکە، نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە، لە پەیامێکی تایبەتدا، ڕایگەیاند: “پیرۆزبایی لە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان دەكەین كە خۆشبەختانە، کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی و دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لە بەرژەوەندی پارێزگای هەڵەبجە دا و داوا دژەکان ڕەتکرانەوە”.
پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی سەرجەم ئەو لایەنانەیشی کرد، کە “هاوکار و پاڵپشتبوون لە پڕۆسەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا”.


