هه‌واڵ

پەیامێک لە یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستانەوە

زێدپرێس

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەبۆنەی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدی لەلایەن حکوومەتی بەریتانیا و ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدییەوە، پەیامێکی ڕاگەیاند و بڕیارەکەی حکوومەتی بەریتانیاش وەک بڕیارێکی چارەنووسساز دەناسێنێت.

 

دەقی پەیامی یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەبۆنەی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدی لەلایەن حکوومەتی بەریتانیا و ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدیەوە

 

ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە لە رۆژی ٢٠٢٣/٨/١ بڕیارێکی چارەنووسازە.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئەم دانپیانانە بە ھەنگاوێکی گرنگ دەزانێ بۆ ناساندن و قەرەبووی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال. کوردانی ئیزیدی لە ٢٠١٤/٨/٣ رووبەڕووی پەلاماری لەناوبردن بوونەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعش لەشەنگال و دەوروبەری. بەھەزارانیان کوژران و بەھەزاران لە کچان و ژنان ڕفێنران کە ھێشتا چارنووسی بەشێکیان نادیارە. وەکو یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان وێڕای نرخاندنی بڕیارەکە. جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی لە ئاستی دەرەوەو ناوەوەی وڵات بە ئەرکێکی ئاکاریی و یاسایی دەزانین. لەگەڵ راپەڕاندنی ئەرکەکانی تری وەک جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای ژنانی رزگاربووی دەستی داعش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە. ھەروەھا بڕیاری ناساندنی جینۆسایدی شەنگال لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٩. ھانی لێکۆڵەران و نوسەرانی بواری جینۆساید دەدەین کاری جدیتر بکەن لەسەر ئەم دۆسیە ئینسانیە گرنگە.

بەداخەوە حکوومەتی کوردستان لە ئاست ناساندنی تاوانەکانی دەرھەق گەلی کوردستان کەمتەرخەم و بێباکە.

پرسی جینۆسایدی کوردستان بەشێک نیە لە ستراتیژو بیرکردنەوەیان. ئەرکی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانی جینۆساید پاڵپشتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەو ئەرشیفکردن بن. بۆ لەبیرنەکردنی تاوانەکان و زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحی قوربانییەکان. هەر لەم بۆنەیەدا بیری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عیراق و ھەرێمی کوردستانی دەخەینەوە کەکاری جدی بکەن بۆ ئەوەی (جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و زیندەبەچاڵکردنی بارزانییەکان و  کوردانی فەیلی) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بە جینۆساید بناسێنرێت.

پێزانین دەردەبڕین بۆ ھەموو ئەو ھەوڵانەی بوونە مایەی ئەو ڕووداوە گرنگەی کە پرۆژەکە گەڵاڵە بکرێت و دواتر لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە پەسەند بکرێت.

لەھەمان کاتدا رۆژی ٢٠١٤/٨/٣ بیر دەھێنینەوە کە رۆژی جینۆسایدی کوردی ئیزیدیە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش.

 

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان

٢ی ئابی ٢٠٢٣

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...