داهاتی نەوتی عێراق بەبێ نەوتی هەرێم سەرڕێژی هەیە
زێدپرێس
هەرچەند ماوەی پێنج مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام لە هەشت مانگی ڕابردوودا و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، داهاتی نەوتی عێراق بڕی دوو ترلیۆن و ٧٠١ ملیار دینار زیاتر بووە لەکۆی چاوەڕوانکراو بۆ ئەو ماوەیە لە بودجەدا.
ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت ڕوونیکردەوە، بەپێی یاسای بودجەی عێراق داهاتی نەوتی بەم شێوەیە دیاری کراوە:
ڕۆژانە بڕی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە بکرێت (بە نەوتی هەرێمیشەوە) و نرخی هەر بەرمیلێک بە ٧٠$ دیاریکراوە.
لە ساڵەکەدا کۆی داهاتی نەوت بە ٨٩ ملیار و ٤٢٥ ملیۆن دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی هەر دۆلارێک بەرانبەر بە ١٣٠٠ دینار دیاریکراوە. کۆی داهاتی نەوتی بە دینار دەکاتە ١١٦ ترلیۆن و ٢٥٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی ٨ مانگی ئەمساڵدا بڕی ٦١ ملیار و ٦١٣ ملیۆن دۆلار کە دەکاتە ٨٠ ترلیۆن و ٩٦ ملیار دینار داهاتی نەوتی فرۆشراو بووە، کە دەکاتە ڕێژەی ٦٩٪ی داهاتی چاوەڕوانکراو بەپێی یاسای بودجە بۆ ئەم ماوەیە.
بەهۆی بەرزی نرخەوە تا ئێستا بڕی ٢ ترلیۆن و ٧٠١ ملیار دینار، کە دەکاتە ٣.٥٪ زیادە لەکۆی چاوەڕوانکراو بۆ ئەم ماوەیە لە بوجەدا. ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە.