هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەوی زیاتر دۆخەکە دەشێوێنێت

زێدپرێس

 

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت هەمووان پێکەوە لەچوارچێوەی هەرێمێکی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و داهاتوویەکی گەشتر بونیادبنێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەمێک پێش ئێستا و بەدوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنگرەی پێنجەم و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “دوورکەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناکات و سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەوی زیاتر دۆخەکە دەشێوێنێت”.

هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ “هیوادارم هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و لەپێناو ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەک کورد هەمانە، خەبات بکەین و مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەکانمان تۆمار بکەین”.

 

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان

یەکێتییە سەربەرزەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، تێکۆشەرانی شۆڕشی نوێ، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی

لە دڵەوە سوپاسگوزاری هەمووتانم کە بە ئەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا بۆ سەرخستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەیشتن بەم ئامانجە مێژووییە کە سەرەتایەکی نوێ و گرنگە بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوونمان و خزمەتکردنی خەڵکە خۆڕاگرەکەمان.

لە ئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێکی یەکێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندساڵەی تێکۆشەرە دێرینەکانمان، بە وزەی گەنجە داهێنەر و خوێنگەرمەکانمانەوە کە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەکەمانن، بە شارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێکی نوێی کاری حزبی و رێکخراویی دەستپێدەکەین و بە نوێگەری لە کار و کۆدەنگی لە بڕیارەکانماندا، یەکێتی بەهێزتر دەکەین و لەپێناو خزمەتی خاک و خەڵکەکەمان تێدەکۆشین.

ئەمڕۆ پێکەوە رۆ‌‌حی شەهیدان، رابەر و سەرکردەمان سەرۆک مام جەلال و سەرجەم سەرکردە کۆچکردووەکانمان شاد کرد و دڵنیاییش بەهەموو یەکێتییەکان و خەڵکی خۆشەویستمان دەدەین کە یەکێتی وەکچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێکۆشان بووە، لە داهاتووشدا بونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێت. ئێمە لە هەناوی خەڵکەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفادار دەبین.

بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو بکەم کە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لەبەرامبەر ئەرک و ئاڵنگارییەکاندا، سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان راپەڕاند و پیرۆزباییش لە سەرکردایەتیی نوێ دەکەم و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەکەم بە هەموو توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە کار بۆ پاراستنی رێبازی مام جەلال بکەین و یەکێتییەکەمان بپارێزین. هەموو ئەو هەڤاڵانەش کە لە دەرەوەی سەرکردایەتی دەبن، برا و هەڤاڵی منن و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان بەردەوام دەبین. یەکێتیی هیچ کەسێکی لێ زیاد نییە و شانازیی بە هەموو ئەندام و لایەنگرانییەوە دەکات و دەرگای بۆ هەموو ئەوانەش کراوەیە کە دەیانەوێت لە ریزەکانی ئەم حزبە تێکۆشەرەوە خەبات بۆ کوردستان بکەن.

هەروەها لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی یەکێتیدا، دڵسۆزانە خزمەتی رێبازی شەهیدانیان کرد و لە یەکێتییەکەی خۆیان دانەبڕان. ئەوان بەشێکی گەورەبوون لە پاراستن و گەشەپێدانی یەکێتی و رۆڵ و کاریگەرییان لەیاد ناکەین.

دەمەوێت هەموولایەک دڵنیابن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەمان دڵسۆزی خۆی و بە سیاسەتێکی گونجاو و سەردەمییانە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەردەوام دەبێت. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش بڕوای تەواومان بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەیە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. دەمانەوێت هەموومان پێکەوە لەچوارچێوەی هەرێمێکی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین و داهاتوویەکی گەشتر بونیادبنێین. دوورکەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناکات و سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەوی زیاتر دۆخەکە دەشێوێنێت، بۆیە هیوادارم هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و لەپێناو ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەک کورد هەمانە، خەبات بکەین و مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەکانمان تۆمار بکەین.

هەروەها دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لەبەغدا پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە خۆی لە هاوبەشیی راستەقینە، پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیاندا دەبینێتەوە. بێگومان سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری ئەم سیاسەتەیە و ئێمەش بە شانازییەوە بەهەمان رێگەدا هەنگاودەنێین. پاڵپشتی و پشتگیریی دۆستەکانیشمان لە بەغدا لەیادناکەین کە هاوکاربوون بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین.

سوپاسی زۆرم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر، کۆماندۆ، ئاسایش، ئۆپراسیۆن، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ دەکەم کە لەماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا ئارامی و سەلامەتیی هۆڵی کۆنگرەیان پاراست و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم.

هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکان بەرز دەنرخێنین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵمانبوون و پەیامی کۆنگرەیان گەیاند.

داوای لێبوردن لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانیی سەربەرز دەکەم ئەگەر لە رۆژانی رابردوودا بووینەتە ئەرک و بارگرانی بۆتان، ئێوە کەسی ئێمەن و دڵنیابن لەیادی ناکەین.

شاد و سەرفرازبن

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...