هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕایدەگەیەنێت، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی پێوەست بە ماف و ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی، هەر ئەندامێکی خێزان یاساکە بیگرێتەوە، زەوی نیشتەجێبوونی پێدەدرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی ژمارەی سوودمەندانی خێزانەکە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ پێدان و تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

گوتەبێژەکە، پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیکراوان و گیراوانی سیاسی و ڕێنماییە پێوەنیدیدارەکان ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەگەر هەر چەند ئەندامی خێزانێک یاساکە بیانگرێتەوە، سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو حاڵەتە بکرێت، کە چەند کەس لە ئەندامانی خێزانەکە سوودمەند بوون.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پاش ئەوە دێت، کە دوای دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر ژمارەیەک لە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، چەند بەڵگەنامەیەک بڵاوکرانەوە، کە دوو ئەندامی یەک خێزان، لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون سوودمەندبوونە.

وەزارەتەکە ڕوونی دەکاتەوە، کە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان، ئەو منداڵانەیش کە لەناو زیندان و بەندینخانەکاندا لەدایکبوون، بەپێی ماوەی گیرانی دایکیان، ماوەی گرتنەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت و سوودمەند دەبن.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

سەبارەت بە تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی بەپێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١١)ی هەمواركراو و پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢١ وەزارەتمان کراوە.

ئاماژە بە مادەی شەشەم/ بڕگەی یەكەمی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوی سیاسی كوردستانی كە تیایدا هاتووە (پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوونیان بەبێ بەرانبەر پێدەدرێت، بە مەرجێك پێشتر وەك زیندانیكراوی سیاسی سوودمەند نەبووبێت).

هەروەها لە پەیڕەوی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا هاتووە لە مادەی یەكەم/ بڕگەی یەكەم پێناسەی زیندانی كراوی سیاسی بەم شێوەیە دەكات (ئەو كەسەیە كە گیرابێت، یان زیندانی كرابێت، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بۆ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكان لە عێراق تا ٩/٤/٢٠٢٣ لەسەر ڕادەربڕین و بیروباوەڕ یان ئینتیمای نیشتمانی یان سیاسی، یان یارمەتیدانیان یاخود بەشداریكردنی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بڕیاری حكومكردنی لە لایەن یەكێك لە دادگاكان یاخود دەسەڵاتەكانی سەربە ڕژێمە ناوبراوەكان درابێت .

هەروەها لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا هاتوە كە (هەر كەسێك گیرابێت یا گلدرابێتەوە یا ڕاگیرابێت بەبێ ئەوەی بڕیاری حوكمی لەبارەوە لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە دەرچوبێت بەپێی هەمان هۆیەكانی كە لە خاڵی (یەكەم)ی ئەم مادەیەدا هاتووە).

 

هەروەها بە پێی مادەی سێیەم/ بڕگەی چوارەم/ ئەوانەشی كە لە بەندیخانەكان لە دایك بوون بە هەمان شێوە بە گیراوی سیاسی هەژماردەكرێت و سوودمەند دەبن لەسەرجەم ئیمتیازاتەكانی ئاماژە پێكراو لە یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانی هەمان یاسا، لە نێویشیاندا سودمەندبونیان لە پارچەیەك زەوی نیشتەجێبوون .

بۆیە پاڵپشت بەو ڕونكردنەوە یاساییەی سەرەوە لە خانەوادەیەكدا چەندین كەس یاساكە بیگرێتەوە، دەتوانێت سوودمەندبێت لەو ئیمتیازە، بەبێ ڕەچاوكردنی ژمارەی ئەندامە سوودمەندبووەكانی هەمان بنەماڵە.

لە هەمان كاتتدا (ئەوانەی لە ناو بەندیخانە و زیندانەكاندا لە دایكبوون، بەپێی ماوەی گیرانی دایكیان ماوەی گرتنەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت)، ئەمەش پاڵپشت بە مادەی سێیەم/ بڕگەی چوارەمی هەمان پەیڕەو و مادەی (٧)ی ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان .

 

لەگەڵ ڕیزدا

 

عادل مەلا ساڵح

گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

٣٠/١٠/٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button