ئابووریهه‌واڵ

بە گوژمەی دوو ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دینار مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سلێمانی دراوە

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی دوو ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دۆلار مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دراوە و زیاتر لە نیوەی پڕۆژەکان لە بواری نیشتەجێبوونن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، بەگوژمەی دوو ملیار و ٦٠٣ ملیۆن دۆلار مۆڵەتی ٥٣ پڕۆژەی وەبەرهێنان لەو پارێزگایەدا دراوە. لەکاتێکدا ساڵی پێشتر (٢٠٢٢) مۆڵەت بە ٣٩ پڕۆژە بە گوژمەی یەک ملیار و ١٨١ ملیۆن دۆلار دراوە. ئەوە پیشانی دەدات کە وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی هەم لەڕووی ژمارەی پڕۆژە و هەم لەڕووی سەرمایەوە گەشەی کردووە.

زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی پیشانی دەدەن، بەڕێژەی ٥٧٪ی پڕۆژەکان لە بواری نیشتەجێبوونن، لە پلەی دووەمیشدا بواری بازرگانی دێت کە ١٥٪ی پڕۆژەکان لەخۆدەگرێت و هەروەها بواری پیشەسازی بەڕێژەی ٩٪ پلەی سێیەمی لە سەر ئاستی پڕۆژەکان گرتووە.

بوارەکانی دیکە بە ڕێژەیەکی کەمتر سەرمایەگوزارییان تێدا کراوە، لەناویاندا تەندروستی بەڕێژەی ٧٪، خزمەتگوزاری بەڕێژەی ٤٪، پەروەردە بەڕێژەی ٤٪ و هەریەک لە بوارەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵ بەڕێژەی ٢٪ بۆ هەر یەکێکیان سەرمایەگوزاریان تێدا کراوە.

هەڵکشانی گوژمەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی لەکاتێکدا دێت، کە حکوومەتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی ڕابردووەوە، بانگەشەی هەبوونی کارنامەیەک دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارەکانی پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵدا.

پێشتر زێدپرێس پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پیشانیداوە، لەماوەی ئابی ٢٠٠٦ کە دەست بە جێبەجێکردنی یاسای وەبەرهێنان کراوە تا تەمووزی ٢٠٢٣، بەگوژمەی ١٦ ملیار و ٨٤٠ ملیۆن دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دراوە، ئەوەش ڕێژەی ٢٥٪ی کۆی گوژمەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات. لەکاتێکدا بەگوژمەی تەنیا شەش ملیار و ٥٦١ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری لە پارێزگای دهۆک کراوە و لە پارێزگای هەولێریش ٤١ ملیار و ٦٩٩ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرهێنان کراوە، کە ڕێژەی ٦٣٪ی کۆی گوژمەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

زێدپرێس پێشتر لە بەدواداچوونێکی خۆیدا، ڕوونی کردووەتەوە، نەبوونی کارنامەی وەبەرهێنان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەدرێژایی چەندین ساڵ، کە سەرجەم بوارەکانی وەبەرهێنان و شوێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەران جێدەهێڵێت، بەبێ هیچ بەشدارییەکی حکوومەت تیایدا، هۆکارێکی کاریگەر بووە لەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان نادادی جوگرافی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button