ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوو تۆمەتبار لە دۆسیەی تەقەکردن لە ئەحمەد کامیل فەقێ سەرمایەداری شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە، کە بە فەرمانی کوێخا دێرین کارەکەیان ئەنجامداوە.
دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری، پلەى نەقیبی هەیە لە هێزەکانى ٧٠ و دەگوترێت لەلایەن هێزەکەیشییەوە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە.
لەو ڕوانگەیەوە، وەک لە ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرینی دەرکردووە، کە کێشەکەی پێوەستە بە داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی و زیاتر لەوەیش دادوەر بڕیاری دەستگرتن بەسەر سامانی گوزراوە و نەگوزراوەی داواکراو داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزێکی ئەمنی دەوری ماڵەکەی کوێخا دێرینیان داوە و داوای خۆڕادەستکردنی دەکەن.
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاووڵاتی “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی 30ـی 1ـی 2024، بەپێی مادەی 405 – 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر “ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی” دەستگیرکرا.
دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.
پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا.
ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەپێی مادەی 405 – 31 لە یاسای سزادانی عێراقی، کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشە بووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .
هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار (دێرین ئەحمەد) و ڕووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.