سوودانی: ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ سێشەم، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ڕایگەیاند، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر ناردنی بڕی ٦١٨ ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە وەزارەتی دارایی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان ٢٧ تا ٢٨ی شوبات، بڕی ٦١٨ ملیار دینارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
بەپێی وەزارەتی دارایی و ئابووری، داهاتی مانگانەی هەرێم لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کە بۆ مووچە و خەرجییەکانی حکوومەت تەرخانکراوە، مانگانە تەنیا ١٧٠ ملیار دینار بووە. ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی وەک داهاتی ناوخۆ باس دەکرێت، پارەی نەخت نییە بەدەست وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینارە، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆی ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق بە پێوەری خەرجی فیعلی نزیکەی (شەش ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دیناری بۆ هەرێم تەرخان کردووە، لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم تەنیا بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینارە و بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم.
هەرچەند زۆرجار دەگوترێت کە حکوومەتی عێراق بەهۆی هەبوونی گرفت لە لیستی مووچەخۆراندا، شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بەڵام وەک لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، سێ جار ژمارە و داتای مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بەغدا پشتڕاستکردووەتەوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات لەوە دەکەنەوە، کە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت. لەکاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین جار لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیارێتی حکوومەتی عێراقە، بانگەشەی ئەوەیش دەکات کە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان کراوە و ڕوونتر وەک کارتێکی گوشار لە دژی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەکاردەهێندرێت.