بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویکردەوە: “سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراسی و ڕەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتییان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی یەکێتی، زیاتر دەڵێ: “پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش ڕەتدەکەینەوە بەرانبەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لە قوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە”.
بافڵ تاڵەبانی، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە “دەسەڵاتی دادوەری عێراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە” و لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “ڕێزگرتن لەو سەربەخۆییەش ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کە هاووڵاتییان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن”.
لەکۆتایی نووسینەکەشیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ: “با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی ڕۆحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا”.
ئەو پەیامەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوابەدوای ڕاگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوو، دێت، کە تیایدا بەتوندی ڕەخنەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ هەرێمی کوردستان گرتووە. لەو چوارچێوەیەشدا، هەڵوەستە لەسەر بڕیارەکەی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکات و دەڵێ: “وردەکاری زیاتری نادەستوریی بەرانبەر هەرێم تێدایە و درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستوریانەیەتی کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بەرانبەر هەرێمی کوردستان داویەتی”.
مەکتەبی سیاسی پارتی هەر لە هەمان بەیاننامەی خۆیدا، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیبە “پێشێلکاری زەقی دەستور” پێناسە دەکات و ئامانجی پشت بڕیارەکانیش بە ئاڕاستەی “لەباربردنی سیستەمی دیموكراسی هەرێم، و هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی”، شیدەکاتەوە.
لەماوەی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند هێزی دیکەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەتوندی ڕەخنەیان لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی گرتووە و وا خوێندنەوەی بۆ دەکەن کە بڕیارەکانی دادگا سیاسیین نەک قانوونی یان پارێزگاری لە دەستوری عێراق وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و ئامانجەکەیش بریتییە لە پووکاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی دانپێدانراوی دەستوری.
خودی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاماژەی بەوە کرد، لەژێر هێرشێکی میدیایی ناوخۆیی و دەرەکیین بە ئامانجی لەکەدارکردن و زیانگەیاندن بە ناوبانگی دادگاکە.