ئابووریدۆسیه‌سیاسییاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ زەمینەسازی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی گازی ئێرانی

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەک پەیامێکی ئێران دەخوێندرێتەوە بۆ ناچارکردنی عێراق بە نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی گازی ئێرانی و ڕاگرتنی هەنگاوەکانی عێراق بەرەو بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەئامانجگرتنی کۆرمۆر

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. هێرشەکە هەمان ئەو بەشەی کێڵگەکەی بە ئامانج گرت، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە ئامانج گیرا بوو. هێرشەکەی پێشوویش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی درۆن ئەنجامدرا و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکە بە تەواوەتی ڕاگیرا، لەکاتێکدا یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی گازی شل ئاگری گرت.

بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: “ئه‌م هێرشانه‌ ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ پێویسته‌ ئه‌ركی خۆیان بۆ ڕێگری له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی له‌ هه‌ر لایه‌نێك بن بگێڕن و به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن”.

لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا، چەند جارێکی دیکە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام هێرشەکان بە هاژەک و کاتیۆشا ئەنجامدەدران و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان دروست نەدەکرد. تەنیا لەماوەی یەک هەفتەی مانگی ئابی ٢٠٢٢، سێ جار و  لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣یشدا لە ڕێگەی دوو کاتیۆشاوە هێرش کرایە سەر کێڵگەکە، هەرچەند یەکێک لە کاتیۆشاکان بەر شوێنی مانەوەی کرێکارانی کێڵگەکە کەوت، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەکە چۆڵ بوو، هیچ زیانێکی نەگەیاند. لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣یش جارێکی دیکە هێرشی هاژەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هێرشەکانی ئەوکات لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە و لە ناوچەکانی داقووقی پارێزگای کەرکووک و خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە ئەنجامدەدران.

بە جیاواز لە هێرشەکانی پێشوو، هەردوو هێرشی ٢٦ی کانوونی دووەم و ٢٦ی نیسانی ئەمساڵ، بە درۆن ئەنجامدران. هەرچەند هێرشی یەکەم هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بووە هۆی ڕاگرتنی کاتی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و بەو شێوەیەش وەستانی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەوکات مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرش و پەلامارەکانی سەر کێڵگەکەی وەک “هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان” لێکدایەوە و گوتی: “هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت“. هەر ئەوکات، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دا و داوا کرد لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەکە بە ئەنجام بگات، بەڵام تا ئێستایش ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکران. لەدوای هێرشەکەی ڕۆژی ٢٦ی نیسانیش، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر رێڕمایی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنراوە.

بەهۆی ئەوەی هێرشەکەی ئەوکات بەتایبەت بە درۆن ئەنجامدرا، زۆرینەی شارەزایان و چاودێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، هێرشەکە “پەیام”ێکی تایبەتی لەپشتەوەیە. عەلی حەمەساڵح ئەندامی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە خوولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستاندا ئەوکات گوتی: “هێرشەکە بە درۆن بووە و پەیامدارە و دژایەتی ڕوونی هەرێمی کوردستانە“.

لەدوای هێرشەکەی ئەمجارەیش، حکوومەتی هەرێمی کورستان لەڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند: ” لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج“.

 

هێرشەکەی کۆرمۆر؛ ئێران

هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤ بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە جگە لە زیانی ماددی، بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کرێکاری بیانی، دوابەدوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا دێت.

پرسی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی عێراق و تازە نەکردنەوەی گرێبەستی کڕینی گازی ئێران لەلایەن عێراقەوە، یەکێک لەو پرسانە بوو، کە لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر کراوە و بەرپرسانی ئەمریکایش گوشار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی گاز لە ئێران.

د. سەردار عەزیز شرۆڤەکاری سیاسی، لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “ئەمریکاییەکان بە سوودانیان گوتبوو کە ڕەنگە ڕێگەپێدانەکەی کڕینی گازی ئێرانی نوێ نەکەنەوە. ماوە ماوە ئەمریکا ڕێگە بە حکوومەتی عێراقی دەدات کە سەرباری ئابلۆقە لە سەر ئێران گازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا. ئەمریکاییەکان فشار دەکەن کە ئەمە کۆتایی بێت، بەڵام عێراق هەمیشە دەڵێت ئێمە پێویستمان بە چەندین ساڵە بۆ کۆتاییهێنان بەو گازە”.

لەوەتەی ساڵی ڕابردووەوە، پرسی گواستنەوە و ناردنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ عێراق بە گەرمی وروژێندراوە. هەریەک لە حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای سەرکاری کێڵگەکە لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنن بۆ بەرهەمهێنان و ناردنی گازی کێڵگەکە بۆ عێراق، پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لە هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک لە نێوان داناگاز و حکوومەتی عێراق پیشانداوە، کە بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەپاساوی ئەوەی “تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز “بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە“.

 

عێراق؛ بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنی گازی ئێران

لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و هەم لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ میدیاکان و ناوەندەکانی توێژینەوە، بە ئاشکرایی ڕایگەیاند:  لە هەر دانیشتنێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی، “جەخت لە گرنگی هەبوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە سێکتەرە هەمەجۆرەکان دەکەینەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی تایبەت بە وزە، هەروەها پێوەست بە کێشەی دیکە، وەک دیاریکردنی گاز، هاوردەکردنی گازی ئێران و هیی دیکە“.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق و بەدانپێدانانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، عێراق ڕۆژانە ١٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا گاز دەسووتێنێت، هەروەها هەزار ملیۆن پێ سێجا لە ئێران هاوردە دەکات. سووتاندنی گازەکە ٤-٥ ملیار دۆلار و هاوردەکردنی گازی لە ئێرانەوە نزیکەی ٤ ملیار دۆلاری دیکە لەسەر عێراق دەکەوێت. بەو شێوەیە، ئەگەر قازانجی ئێران لە هاوردەکردنی گاز بۆ عێراق چوار ملیار دۆلار بێت، زیانی عێراق لە بەرهەمنەهێنانی گازی خۆماڵی، بۆ نۆ ملیار دۆلار هەڵدەکشێت.

سوودانی، هەر لەو سەردانەیدا بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند: “پلانمان وایە عێراق ببێتە سەرچاوەیەکی گاز، بەهۆی ئەو یەدەگە زەبەلاحانەی گازی سروشتی لە عێراق، کە لە مێژووی عێراق وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە”.

زۆرینەی شارەزایان هاوڕان لەسەر ڕێگرییەکانی ئێران لەوەی عێراق ببێت بە خاوەن گازی خۆی، ئێران بەڕوونی ئەوە لە زیانی گەورەی ئابووری و سیاسی خۆی دەزانێت، لەڕووی ئابوورییەوە لەدەستدانی لانیکەم چوار ملیار دۆلاری ساڵانە و لەڕووی سیاسییشەوە لاوازبوونی گوشاری ئێران لەسەر عێراق.

وەک د. سەردار عەزیز، بانگەشەی بۆ دەکات، لە ڕێگەی بەراوردکردنی ئەو شوێنەی لە هێرشە درۆنییەکەی ئەمجارەدا بە ئامانج گیراوە، لەگەڵ شوێنی هێرشە درۆنییەکەی پێشوو، “سەرە داوێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت”. ئەو، زیاتر دەڵێ: “هێرشە درۆنییەکە بۆ هەمان  ئەو بەشە نوێیەی کۆمپانیاکەیە کە دەخوازرێت دروست بکرێت، بەم پێیە، پەیامەکە ئەوەیە کە داناگاز نابێت ئاستی وەربەرهێنانی زیاد بکات. نابێت عێراق ببێت بە خاوەن گازی زیاتر”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...