سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعوودییە

هەرچەند سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعوودییە پڕ بوو لە ئاماژەی نزیکبوونەوەی زیاتر و فراوانکردنی دۆستایەتی نێوان هەردوو دەوڵەت، بەڵام هیچ کام لە سێ پرسە سەرەکییەکەی نێوان ئەمریکا و سعوودییە بڕیاری لەبارەوە نەدرا و بابەتی سەرەکی سەردانەکە نەبوو (لایەنی کەم بە فەرمی).

 

چەند ساڵێکە لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و سعوودییە سێ بابەتی سەرەکی هەن: ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی نێوان ئیسرائیل و سعوودییە، پەیماننانەی سەربازی و بەرگری لە نێوان هەردوو دەوڵەت، هاوکاریکردنی ئەمریکا بۆ سعوودییە کە ببێتە خاوەن پڕۆژەی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتی.

 

ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی زیاتر پەیوەستە بە ویست و پڕۆژەکانی ترەمپ، سعوودییە و ئیسرائیل بە گشتی ڕازین و هەوڵیشی بۆ دەدەن. بەڵام هەردوولا مەرجیان هەیە. سعوودییە یەک مەرجی سەرەکی هەیە ئەویش جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. ئیسرائیلیش مەرجەکەی ئەوەیە کە سعوودییە ئەو مەرجە لاببات. لەگەڵ بەهێزبوونی باڵی ڕاستڕەوی ئیسرائیل و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتانیاهۆ، ئیسرائیل ئامادە نییە هیچ مەرجێک قبوڵ بکات بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئیبراهیمی، تا ئەم دەسەڵاتەش بەردەوام بێت لە ئیسرائیل، ئەستەمە ئەو مەرجە قبووڵ بکەن. بە تایبەت چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی قودس دەداتە فەڵەستینییەکان.

 

سعوودییەش لەبەر چەندین هۆکار، زۆر قوورسە سازش لەو مەرجە بکات. دەنگۆیەکی نافەرمی هەیە گوایە سعوودییە ڕازی دەبێت بە بەڵێنێکی زارەکی ئیسرائیل سەبارەت بە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی. بەڵام لەسەر ئاستی فەرمی هەمیشە دەڵێت بەبێ دەوڵەتی فەڵەستین، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕوونادات. ئیسرائیل ئێستا ئامادە نییە بە زارەکیش ئەو بەڵێنە بدات.

 

بابەتی ئیمزاکردنی پەیماننامەی سەربازی و بەرگری نێوان ئەمریکا و سعوودییە، پەیوەستە بە بابەتی یەکەمەوە. پەیماننامەی بەرگری واتە هەردوو دەوڵەت لە ڕووی یاساییەوە پابەند دەبن بە بەرگریکردن لە یەکتر لە کاتی جەنگ. بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەتێک یان گرووپێک پەلاماری سعوودییە بدات، ئەوکات بەپێی یاسا ئەمریکا دەبێت بەرگری لە سعوودییە بکات. ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتانی ناتۆ و چەندین دەوڵەتی تر وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور ئەم جۆرە پەیماننامەیەی هەیە. بەڵام لەگەڵ سعوودییە مەرجەکەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.

 

دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ترەمپ، لەبەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتانیاهۆ ساردییەکی تێکەوتووە، لەوانەیە ئەو پەیماننامەیە لەگەڵ سعوودییە ڕابگەیەنێت. ئەمە ڕووینەدا و ڕوونادات، چونکە نە پەیوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆ لەو ئاستەیە، نە نەتانیاهۆ یەکسانە بە ئیسرائیل. گریمان ترەمپ ئەو بڕیارەش بدات، هەر سەرکەوتوو نابێت، چونکە پەیماننامەی سەربازیی پێویستە یەک لەسەر سێی کۆنگرێس ڕەزامەند بن لەسەری، نیمچە مەحاڵە ئەو ڕێژە دەنگە لە کۆنگرێس بەدەست بێت بۆ بابەتێک، ئەگەر ئیسرائیل دژی بێت. لۆبی جوو هەژموونێکی فراوانی بەسەر کۆنگرێس هەیە، ئەوەش هۆکارێکە کە هیچ سەرۆکیکی ئەمریکا ناتوانێت دژی ئیسرائیل بێت.

 

پرسی وزەی ئەتۆمی سعوودیی یەکێکە لە ئامانجەکانی محەمەد سەلمان، دەیەوێت بە هاوکاری ئەمریکا ببێتە خاوەن ئەو پڕۆژەیە (شایەنی باسە ئێران لە کاتی شا هەر لە ڕێگەی ئەمریکاوە بۆ یەکەمین جار بووە خاوەنی پڕۆژەی ئەتۆمی ئاشتییانە). سعوودییە پلانی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی سەرەکی لە ناوچەکە لە بواری ژیریی دەستکرد، ئەم بوارە پێویستی بە وزەی کارەبای زۆر و بەردەوام هەیە، ئەتۆمی گرنگترینە بۆ ئەم مەبەستە و بۆ چەندین مەبەستی تر.

 

یەکێک لە پاڵنەرەکانی سعوودییە بۆ هەوڵدان بۆ چوونە ناو ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی هەر ئەم بوارەیە، ئیسرائیل یەکێکە لە دەوڵەتە گرنگەکانی جیهان لە ژیریی دەستکرد، بە تایبەت بۆ بەکارهێنانی لە بوارەکانی سەربازی و هەواڵگری و کشتوکاڵ، دەتوانێت سوودی گەورە بە سعوودییە بگەیەنێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، سوودبینین بوو لە توانا گەورەکانی ئیسرائیل لە ژیریی دەستکرد.

 

ئەمریکا جارێ ڕازی نییە هاوکاری سعوودییە بکات لە بواری وزەی ئەتۆمی، لەبەر چەندین هۆکار، یەکێکیان ئەوەیە کە سعوودییە پێشتر دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی فەرمی هەبێت. هاوکات ترسیشی هەیە کە سعوودییە بۆ ئەو مەبەستە لە چین و ڕووسیا نزیک ببێتەوە.

 

هیچ کام لە پرسە گرنگ و ستراتیژییەکان نەبووە بابەتی سەردان و کۆبوونەوەکان. لەبەر ئەوە ڕەهەندی بازرگانی زاڵ بوو بەسەر سەردانەکەی ترەمپ و داهاتێکی زۆری سعوودییە تەرخان کرا بۆ وەبەرهێنان و کڕینی شمەکی ئەمریکی، لەبەرانبەردا ترەمپ داواکەی محەمەد سەلمانی قبوڵ کرد کە سزاکان لەسەر سووریا لاببات و جۆلانی ببینێت، کە بووە دیارترین ڕووداوی سەردانەکە.

 

سەبارەت بە سزاکانی سەر سووریا و کۆبوونەوە لەگەڵ جۆلانی، پێشتر، بە تایبەت لە ڕێگەی ئیماراتەوە، پەیوەندییەکی باش دروستکراوە لە نێوان ئیسرائیل و جۆلانی. سووریای نوێ جگە لەوەی دەیەوێت بە هیچ جۆرێک کێشە و شەڕی نەبێت لەگەڵ ئیسرائیل، پێشنیازی چوونە ناو ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی قبووڵ کردووە. سعوودییەش پشتگیری ئەو هەنگاوانە دەکات. هەر بۆیە یەکەم داواکاری ترەمپ لە جۆلانی مەسەلەی ئیسرائیل و ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی بوو.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button