سیاسیشرۆڤه‌

چەند زانیارییەک لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

چۆن دەنگ بدەیت؟ کەی ئەنجامەکەی ڕادەگەیەنرێت؟

ڕۆژی دووشەم، ڕێککەوتی ١٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٣، دەنگدانی گشتییە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ڕوونە لە خۆپیشاندانی فرەوانی شارەکانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٩ کرا، کە بە خۆپیشاندانی تشرینییەکان ناسرا، بەهۆی بوونی گەندەڵی لەکارەکانیان، یەکێک لە داوای خۆپیشاندەران هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش  گەرماوگەرم لە ترسی ناڕەزایی فرەوانی خەڵک، لە دانیشتنێکی پەرلەماندا، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە. پاش دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تانەیان لە دادگای فیدڕاڵی لە دژی بڕیارەکەی پەرلەمان تۆمارکرد، بەو بیانووەی کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان چوارچێوەیەکی دەستوورییان هەیە و لە مادەی (١٢٢)ی دەستووردا هاتووە. بۆیە پەرلەمان ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دادگای فیدڕاڵی پاشان بڕیاری دەرکرد بە پەسەندکردنی سکاڵاکە و چەسپاندی کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێت بەردەوام بێت و ناتوانرێت هەڵبوەشێتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەران دووبارە دانیشتنی کرد و بڕیارەکەی پێشووی هەموارکرد، لە بری هەڵوەشاندنەوە، بڕیاری هەڵپەساردنی دەرکرد، بەو پێیەی کە تەمەنی یاسایی چوار ساڵەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواوبووە و بەسەرچوون. پاشان هەردوو قانوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگان دەستکاریکران و هەردووکیان لەیەک قانووندا ڕێکخست.

 

گرنگترین خاڵەکان:

١: دەنگدان کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات بە بەردەوامیی و بەبێ ڕاوەستان، هەتاوەکوو کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە. واتە بۆ ماوەی ١١ کاتژمێر دەنگدان هەیە.

٢: بەگوێرەی قانوونی هەڵبژاردن تەنیا بە کارتی دەنگدانی تۆماری بایۆمەتری دەتوانرێت دەنگ بدرێت، بە پێچەوانەوە مافی دەنگدان دەفەوتێت و ناتوانرێت دەنگ بدرێت.

ئەی کارتی تۆماری بایۆمەتری چییە؟ پڕۆسەی تۆمارکردنی زانیارییەکانی دەنگدەرە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی کە دەبێت دەنگدەر خۆی بچێت بۆ یەک لە بنکەکانی تۆماری کۆمیسیۆن و خۆی تۆماربکات، جگە لەوەی زانیارییەکانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی تۆماردەکرێت، لە هەمان کات پەنچەمۆری ئەلیکترۆنی هەر دە پەنچەی دەنگدەر تۆمار دەکرێت، لەگەڵ گرتنی وێنەی فۆتۆی دەنگدەر بەشێوەی ئەلیکترۆنی، پاشان دوای چەند مانگێک کارتی دەنگدانی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەر درووست دەکرێت و دەبێت دووبارە سەردانی بنکەی تۆمارەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی کارتەکەی وەربگرێتەوە، کارتەکە سیم کارتی چیپی تێدایە و وێنەی دەنگدەرەکەی لەسەرە.

٣: لەسەرجەم عێراق ڕێژەی لە ٧٠٪ی هاووڵاتییان تۆماری بایۆمەتریان کردووە، لەو ڕێژەیەش  ٩٠٪ی هاووڵاتییان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.

٤: لە پاڵ کارتی بایۆمەتری دەنگدان هاوکات پێویستە دەنگدەر یەکێک لەم بەڵگەنامانەی پێ بێت، ئەوانیش (کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، ناسنامە، وڵاتنامە/ڕەگەزنامە) . بە تەنیا کارتی بایۆمەتری ناتوانێت دەنگ بدات.

٥: پڕۆسەی ئەژمار و جیاکردنەوەی دەنگدان بە دوو ڕێگایە؛

یەکەم؛ بەشێوەی ئەلەکترۆنی کە لە ڕێگای سندووقی ئەلیکترۆنی دەنگدانەوە خۆی دەیکات، لە ڕێگای دەستپێدانان بە دوگمەی مەبەست لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەوە، کە ڕاستەوخۆ پاش چەند چرکەیەک ئەنجامی دەنگدانەکە کە لە شێوەی پسوولەیەکی لاکێشەیی درێژدا پیشان دەدات.

دووەم؛ پاشان دەبێت سندووقەکە بکەنەوە و سەرجەم کاغەزی دەنگدانەکان بەشێوەی دەستی بژمێرن و ئەنجامەکەی لەسەر فۆڕمێکی پێشوەختە ئامادەکراو تۆمار بکەن.

ئەگەر لە نێوان ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و دەستیدا، جیاوازی بە ڕێژەی لە ٥٪  هەبوو، ئەوا سندووقی ئەو وێستگەیە دەبەن بۆ ناوەندی وردبینیکردن و جارێکی تر لەوێ بۆ ڕۆژی دواتر دەژمێردرێتەوە، لێکۆڵینەوەی ورد لە  ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی و تۆماری دەنگدەران دەکرێت و ئەنجامی کۆتایی تۆمار دەکرێت. ئەگەر دەنگی پوچەڵ، لە ٣٪ بێت، ئەوا بە هەمان شێوە ئەو سندووقە دەبردرێت بۆ ناوەندی وردبینی و بۆ جاری دووەم ئەژمار دەکەێتەوە.

 

ئەنجامی هەڵبژاردن

پاش تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان و پاش ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگ کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار کاتژمێر بخایەنێت، کەواتە دەوروبەری کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو ئەنجامەکان تۆمارکرابن، پڕۆسەی ناردنی ئەنجامەکان لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری ناوەندی داخڵکردنی داتاکان لە کۆمیسۆنی بەغدا، بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت ئەویش لە ڕێگای گواستنەوەی ئەلیکترۆنی بەهۆی مانگی دەستکردەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگدان، ئامێری ڤیسارتی پێیە کە بەستراوەتەوە بە مانگی دەستکردەوە ئەنجامەکان دەنێرێت.

بە گوێرەی قانوونی هەڵبژاردن دەبێت پاش ٢٤ کاتژمێر لە پڕۆسەی دەنگدان ئەنجامی سەرەتایی ڕابگەیەنرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و بەهۆی جۆراوجۆریی مرۆیی و هونەریی پڕۆسەکە پەکی دەکەوێت و بەڕێژەی لە ٧٠٪ ئەنجامی سەرەتایی ڕادەگەیەنرێت، ئەمە لە کاتێکدا پێویستە بەڕێژەی لە ٩٥٪ بێت. بەمەش وەکوو ئەنجامی سەرەتایی کێشەی بۆ درووست دەبێت، لە ڕاستیدا بەشی زۆری کێشەکان هونەریین، بۆ نموونە لە یەک کاتدا ناوەندەکانی هەموو عێراق ئەنجام دەنێرن، سیستەمی وەرگرتن فشاری لەسەر درووست دەبێت و ناتوانێت هەمووی وەربگرێت، لەلایەکی تر ئەو بڕەی (حوزمە) کە لە مانگی دەستکرد بە کرێ گیراوە، بڕەکەی  کەمە و بەش ناکات، هەرچەندە ئەمساڵ کۆمیسیۆن چاکسازی کردووە و هەوڵیداوە چارەسەری بکات، بەڵام گەرەنتی نییە و پێشبینی دووبارەبوونەوەی کێشەی هونەری دەکرێت. بەتایبەتی لەم مانگەدا کەشوهەوا هەور و باراناوییە و بەپێی زانیارییەکان ڕەگەزی کەشوهەوا کێشە بۆ ناردنی ئەنجامەکان درووست دەکات.

 

سیستەمی هەڵبژاردن:

١. پەیڕەی سیستەمی سانت لیگۆی هەموارکراوی ١.٧ دەکرێت، بەشێوەی ڕیزبەندی ٧.٥.٣.١ هتد.

٢. لەپاڵ لیستی قەوارەی سیاسی، لیستی تاکەکەسیش هەیە.

٣. ڕێژەی بەشداری خەڵک کاریگەری هەیە لەسەر دیاریکردنی ژمارەی دەنگی کورسی.

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...