هه‌واڵ

فەرمانگەی ڕێکخراوەکان داوای ڕەتکردنەوەی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی دەکات

زێدپرێس

 

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان داوای ڕەتکردنەوە و پێداچوونەوە بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم دەکات، کە ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی پابەندکردبوو بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی بەشێوەی مانگانە.

 

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە نووسراوی ژمارە ١٨٨٨ی ڕێککەوتی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣ و بە ئیمزای بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، داوای پێداچوونەوە و ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکات، کە ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی پابەند دەکرد بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی بەشێوەی مانگانە.

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە نووسراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەلایەک جێبەجێکردنی ئەو داوایە لە توانای فەرمانگەکەیاندا نییە، بەهۆی کەمی ژمارەی فەرمانبەرانەوە و ئەرکی فەرمانگەکە قورستر دەکات، لەکاتێکدا تا ئێستا ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەشێوەی ساڵانە ڕاپۆرتی دارایی خۆیان پێشکەش دەکەن.

لەلایەکی دی، لە نووسراوەکەدا، ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ ناوەڕۆکی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کراوە، کە پێداگیری لەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی بەشێوەی مانگانە دەکات.

لای خۆشییەوە، فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەر ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، لە ڕاگەیەنراوێکدا، باسیان لەوە کردووە، کە پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم بڕیاری ژمارە (٧٤٦١)ی لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دەکرد، بڕگەی چواری ڕێنماییەکە دەڵێت: پێویستە ڕێکخراوەکان هەموو مانگێک تەرازووی پێداچوونەوە پێشکەشی فەرمانگەی ڕێکخراوەکان بکرێت)، ئەمەش پێچەوانەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١١)ی ڕێکخراوەکانە و نیگەرانی لای ڕێکخراوەکان دروستکردووە و بەو هۆیەوە ڕۆژی ١١ی تەمووزی ٢٠٢٣، شاندێکی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و یاداشتی ناڕەزایەتی پێشکەشکرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی کرد.

پاشان بۆ ڕەتکردنەوەی هەمان بڕگە، ڕۆژی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، نووسراوی ژمارە (١٨٨٨)ی ئاڕاستەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و تیایدا داوای کرد بڕیاری پێشکەشکردنی (تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانە) ڕەت بکرێتەوە، چونکە بەپێی یاسایی ڕێکخراوەکان تەرازووی پێداچوونەوە ساڵانەیە نەک مانگانە.

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، پشتیوانی بۆ داواکەی فەرمانگە ڕاگەیاندووە و داوایش دەکەن ڕێکخراوەکان و  فەرمانگە لەبەر ڕۆشنایی یاسای ڕێکخراوەکان هەنگاو بنێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆی بڕیار و ڕێگرییە نایاساییەکانی بەردەم ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

هاوپێچ هەردوو نووسراوی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان:

 

 

Zed Press news 77 doc 1 copy

Zed Press news 77 doc 2 copy

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...