هه‌واڵ

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر مووچە و بودجە دەدات

زێدپرێس

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە، کە گوایە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پێشنیازی ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام حکوومەتی هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت.

وەزارەتی دارایی دەڵێ، تا ئێستا ئاگەدار نەکراونەتەوە لە پێشنیازێکی لەو شێوەیە، تا ڕەت بکرێتەوە.

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لەچەند کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک لەزاری سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.

بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاکانی ڕوون دەکەینەوە؛

١- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی فەڕمی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.

٢- بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.

٣-وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوەو هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.

٤- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

٢٠٢٣/٨/٢٩

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button