هه‌واڵ

وەزیری نەوتی عێراق ڕوونکردنەوە لەمەڕ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەدات

زێدپرێس

 

شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوت گەیشتنە هەولێر و ماوەی چەند ڕۆژێک دەمێننەوە و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکانی پێوەست بە نەوت دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی وەزارەتەکەی، گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)، پێشوازی لێکرا.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئامانجی سەردانەکەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕوونکردەوە.

ئاماژەیدا، ئامانج لە سەردانەکە، “لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەک دەزانن یاسای بودجەی فیدڕاڵی ئەو بڕە نەوتەی دیاریکردووە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت و ئەویش نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە”.

بەگوتەی عەبدولغەنی، هاتنیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشانەیە کە یارمەتیدەرن لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و هەناردەکردنەوەی نەوت. زیاتر دەڵێ “هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق زۆر گرنگە، لەکاتێکدا سەرچاوەی سەرەکی دەوڵەتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت و پارەدارکردنی بودجەی عێراق لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت پێکدێت”.

وەزیری نەوتی عێراق، باسی لەوە کرد، ئەوان جددیین لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەیش بەگوتەی ئەو “لێکتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە و پشتیوان بە خوا دەگەینە چارەسەر”.

حەیان عەبدولغەنی، لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژەی بە “گونجاندنی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق” کرد و لەمەڕ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتیش، کە پاش قۆناغی دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان دەستپێدەکات، گوتی “لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لێکتێگەیشتنمان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە لەڕێگەی بۆڕی عێراق-تورکیاوە”.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) بۆ میدیاکان باسی لەوە کرد، کە هاتنی شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ئەنجامی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دروستبووە، کە پێش چەند ڕۆژێک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشت و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان، کێشەی سەرەکی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی لە کەرتی نەوت، بۆ “تێچووی بەرهەمهێنان گواستنەوە” گەڕاندەوە، لەکاتێکدا لە بودجەی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت بە ٦ دۆلار داندراوە، بەڵام وەک ئەو گوتی “ئەوە لەگەڵ سروشتی گرێبەستەکانی ئێمە ناگونجێت”.

کەمال محەمەد، لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقیش ڕوونکردنەوەی دا و گوتی “هەندێک هەنگاونراون، بەڵام ئەو بابەتە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...