سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

بەهۆی پێداگیری پارتییەوە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت

هەرچەند لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، ئەمڕۆ یەکشەم بە دوا وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی پێداگیری پارتییەوە، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک هەیە.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ زێدپرێس دووپاتی لە پێداگیری حزبەکەی کردەوە لە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێشکەش نەکردنی لیستی ناوی کاندیدانی پارتی بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمشەو، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ یەکشەم، بەرپرسی هۆبەی کاروباری حزبەکان و پاڵێوراوان لە نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتی سەردانی نەکردوون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە.

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن، ئاشکرای کرد، تا کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە، چوار حزب و لایەنی سیاسی لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە، کە پێکدێن لە: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی نیشتمانی.

لەلایەکی دیکەیشەوە، میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە زاری ڕزگار حاجی حەمە لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەکە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، یەکێتی بە فەرمی لیستی کاندیدەکانی خۆی لە سنووری هەر چوار بازنەی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە پێشكەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، لەلایەن مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتییەوە، پێشتر لیستی ناوی کاندیدانی حزبەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکراوەتەوە و لە ئاستی مەکتەبی سیاسی حزبەکەشدا پەسندکراوە، بەڵام تا ئێستا پارتی لیستەکەی پێشکەش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەکردووە.

مەکتەبی سیاسی پارتی لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن ڕەت کردەوە بەو جۆرەی کە ئامادەکاری بۆ کراوە.

دوێنێ شەممە، ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، “پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێكدایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە  بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە“.

بارزانی، پێداگیری لەسەر ئەوەش کرد، کە “ناکرێت هەڵبژاردن بەبێ بەشداریکردنی پێکهاتەکان بەڕێوەبچێت”، وەک ئاماژەیەک بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤دا، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەر ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.

لە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی کریستیان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەن بەشێوەی کۆتا تەرخانکرا بوو.

لە پەرچەکرداری هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکاندا، پێکهاتەکان بەگشتی بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و دواتریش لەڕێگەی یاداشتنامەیەکەوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و دژایەتییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان، داوایان لە کۆمەڵگەی عێراقی و نێودەوڵەتی کرد، پشتیوانییان بکەن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن.

تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی کۆتای پێکهاتەکان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دواتر پێداگیرییەکانی پارتی لەسەر بایەخی بەشداری پێکهاتەکان لەڕێگەی سیستەمی کۆتاوە، هەڵوێستی پێکهاتەکانی بەرانبەر یەکێتیی نیشتمانی نەرێنیتر و بەرانبەر بە پارتی ئەرێنیتر کرد. دوابەدوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، پارتی چاکسازی تورکمان لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی پارتی کرد لە بەرانبەر هەڵوێستەکەیان بە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکە. هاوکات محەمەد ئیلخانی سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە پێکهاتەی تورکمان، داوای لە حزبەکانی دیکەیش کرد، هەمان هەڵوێستی پارتییان هەبێت و ڕایگەیاند: “حزب و لایەنە كوردستانییەكانی دیكەش، پێویستە هەمان هەڵوێستی شەرەفمەندانەیان هەبێت؛ چۆن بەشداریی لە هەڵبژاردنێك دەكەن كە مافی دەنگدەرانی خۆیان و پێكهاتەكان زەوت بكرێت؟”.

هەر چۆنێک بێت، بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکرات، هەوڵدەدەن لابردنی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەک مەترسییەکی جددی بخەنەڕوو. لەو ڕوانگەیەوە، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک لێکەوتی لابردنی کۆتای پێکهاتەکان دەڵێ: “لەوانەیە ناچاری کۆچکردن ببن لە شوێن و ژینگەیەکەوە بۆ شوێن و ژینگەیەکی تر” و ئەوەش بە “هاوشێوەی ڕاگواستنێکی زۆرەملێ” پێناسە دەکاتەوە.

هەر دوابەدوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزی وڵاتەکە لە عێراق، لێدوان و ڕاگەیەندراویان دەرکرد و جۆرێک لە ڕەوایەتییان بە “نیگەرانییەکانی پارتی” لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پیشاندا. ئەوەش لەلایەن شرۆڤەکارانەوە وەک پاڵپشتییەک لە هەڵوێستەکەی پارتی لێکدرایەوە.

د. هیوا مەجید سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین، لە شرۆڤەکردنی هەڵوێست و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، کە پێشتر لە زێدپرێس بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە “ئەم بڕیارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڕانکاریی لە هاوکێشە سیاسییەکان لە ئاستی ناوخۆ و هەریمایەتی دروست دەکات و بەغدا و تاران ناچار دەکات کە گوێ لە داواکارییەکانی پارتی بگرن. لەم نێوەندەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تا ئێستا گەمەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی هەڵدەسوڕا، زیانمەندی یەکەم دەبێت“.

زۆرینەی شرۆڤەکاران و تا حزبە سیاسییەکانیش لەو باوەڕەدان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ بەشداری پارتی “سەرکەوتوو نابێت“، وەک ئەوەی حزبە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی سەردەم بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ دەکەن.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، کە بەشداری کردن و نەکردن مافی هەر حزب و تاکێکە، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و یەکێتی جیاوازە، چونکە “ئەو دوو هێزە ئەگەر بیانەوێ دەتوانن ڕێگری لە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری بکەن”. ئەوەش ئەو قسەیە تەواو دەکات کە پارتی لانیکەم دەتوانێت ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی؛ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە زێدپرێس بڵاوکراوەتەوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ: ” بەدواخستنی هەڵبژاردن پڕۆسێسی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان نەک دەوەستێت، بەڵکو بۆ دواوەش دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەش بۆ دواوە ئەگەر و پێشهاتی مەترسیداری لێ دەخوێندرێنەوە“.

سەرچاوەکانی زێدپرێس ئاماژە بەوە دەکەن، کە پێداگیری پارتی لەسەر داواکارییەکانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوون و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە، بە ئەگەری زۆرەوە، وا دەکات هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە خۆی لە چەند مانگێکدا دەبینێتەوە، دوابخرێت و لەماوەی دواخستنەکەشدا، دانوستان دەکرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک کە وەڵامی نیگەرانییەکانی پارتی و داخوازی پێکهاتەکانیش بداتەوە.

پێشتر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...